پەرلەمانتارانی یەکێتی: تەعریبکردن لە کەرکوک دەستیپێکردووەتەوە

ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی خەڵکی شاری کەرکوک سەردانی ئەو شارەیانکرد تا لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ناکۆکی و ئاڵۆزییەبن لە هەندێک گوندی ناوچەکە دروستبووە، بەتایبەت گوندی پەڵکانە، پەرلەمانتارانی یەکێتیش پێیان وایە تەعریب دەستیپێکردووەتەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ 13 ی کانونی یەکەم پەرلەمانتارانی یەکێتی ڕایانگەیاند، “لە سنوری ناوچەی مادەی 140 ئەگەری دروستبوونی ئاڵۆزی هەیە لەنێوان پێکهاتەکان و عەرەبی ناوچەکە براونەتە کۆمەڵێک شوێن کە زەوی ئەوان نییە و خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو شوێنانە کوردن”.

پەرلەمانتاران لە کۆنگرەیەکدا ڕایانگەیاند، “هەموو دەستێوەردانێکی سەربازی لە کەرکوک ڕەتدەکەینەوە و پێمان وایە دەبێت حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمیش ڕۆڵی سەرەکی ببینن لە چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکاندا، کە پێویستە لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی دادی عێراقییەوە چارەسەر بکرێت”.

ئەو پەرلەمانتارانە پێیان وایە حکومەتی عێراق، دەبێت لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە کە نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تێدابێت کێشەی پێکاتەکان بەتایبەت کورد و عەرەب لەسەر زەوی و زارەکان چارەسەربکات، چونکە ئەوان پێیانوایە چارەسەری ئەو کێشەیە لای وەزارەتی داد و وەزارەتی کشتوکاڵە و ئەوان دەتوانن ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە.

لەماوەی زیاتر لە 15 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی جێبەجێنەکردنی مادەی 140 لە دەستوری عێراقی، پێکهاتەکانی کەرکوک ناکۆکیان هەیە لەسەر زەوی و زارەکانی ناوچەکە و ئەو زەویانە پێشتر هی کوردەکانی ناوچەکە بووە و لەسەردەمی حزبی بەعسدا عەربی لەسەر نیشتەجێکراوە، دوای کاردانەوە سەربازییەکانی ڕیفراندۆمەکەی هەرێم ئەو ناوچانە جارێکی دیکە کەوتنەوە بەر مەترسی بە عەرەبکردن و ئێستاش وەک پەرلەمانتارانی یەکێتی دەڵێن، “تەعریب دەستیپێکردووەتەوە”.

بابەتی پێشتر

سبەی موچەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دابەشدەكرێت

بابەتی دواتر

شاندی باڵای هەرێم لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆ كۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share