بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، نرخی گۆشتی سوور گرانبووە و یەك كیلۆ لە 16 هەزار دینارەوە بووەتە 17 هەزار دینار و دەڵێت، “ئەگەر وا بڕوات نرخەكەی گرانتردەبێت”.
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی گۆشتی سوور گرانبووە پەیوەندیی بە زیادبوونی كێشانەوە هەیە كە بە “زینە قەپان” ناوی دەبرێت و لە مەیدانی ئاژەڵاندا ئاژەڵی پێدەكێشرێت، پێشتر ئاژەڵێك بكێشرایە یەك كیلۆی بە 5 هەزار و 250 دیناربووە و ئێستا كێشانەی یەك كلیۆی گەیشتووەتە 6750 بۆ 7000 هەزار دینار بەو هۆیەوە نرخەكەی لە 16 هەزار دینارەوە گرانبووە و بووەتە 17 هەزار دینار.
بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانیی سلێمانی وتی، “ڕۆژانە لیژنەكانمان و بەدواداچوون دەكەن و هەر گۆشتفرۆشێك نرخی گۆشتی سوور لەو نرخەی ئێستای زیاتر بفرۆشێت سزادەدرێت”.
سۆران عەبدولغەفور پێیوایە، “بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف لە جیهان هۆكارێكی دیكەیە بۆ گرانبوونی نرخی گۆشت و ئەگەر وا بڕوات نرخەكەی گرانتر دەبێت”.