سەرکێشییەکەی مەسک.. بۆچی دەیەوێت تویتەر بکڕێت و بۆچی دژایەتیی دەکرێت؟

ئیلۆن مەسک دەیەوێت دەستبەسەر هەموو پشکەکانی تویتەردا بگرێت و لایەنەکان ناڕەزایەتیی بەرفراوان دەردەبڕن.

پاش ئەوەی ئیلۆن مەسک سەرمایەدار و خاوەنکاری ئەمریکی خواستی خۆی بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم پشکەکانی تویتەر دەربڕی، ڕووبەڕووی هەڵوێستی توند بووەوە لەلایەن خودی دامەزراوە ئەمریکییەکە و چەندین هاوبەشی دیکەوە.

هەفتەی پێشوو مەسک بە دەستپێشخەریی 43 ملیار دۆلارەوە پێشنیازی کڕینەوەی سەرجەم پشکەکانی دامەزراوەی ئەمریکیی تویتەری کردبوو، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە نرخی پشکەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەدا.

مەسک بە پێگەی “TED”ی ڕاگەیاندووە، ئەم هەوڵەی “ڕێگەیەک نییە بۆ پارەپایداکردن”، بەڵکو هەوڵێکە بۆ “هەبوونی تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی متمانەپێکراو و هەمەگیر، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ داهاتووی شارستانیەت”.

لە چەندین لێدوان و ڕاگەیەندراوی دیکەدا، مەسک خواستی کڕینی سەرجەم پشکەکانی تویتەری بەوە ڕوونکردووەتەوە، کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە “دیموکراسی” نییە و کار بۆ سنووەردارکردنی ڕادەربڕین و دەستەبەسرداگرتنی گوتارە جیاوازەکان دەکات.

ئەمە بووە هۆی ناڕەزایەتیی توندی دەستەی بەڕێوەبەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە و پاراگ ئەگراوال بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، ئیدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکەی مەسک سیاسەتی “مافی هاوبەشەکان”یان ڕاگەیاند، کە پلانێکە تیایدا هەرکەسێک لە سەدا  15ی پشکەکانی کۆمپانیاکەی کڕی، ئەوا پشکەکانی دیکەی کۆمپانیاکە بە نرخێکی زۆر هەرزان دەفرۆشرێن، تاکو لە دەسەڵاتی خاوەنی %15کە کەمبکەنەوە.

جگە لەمە، وەلید بین تەڵاڵ سەرمایەدار و وەبەرهێنەری گەورەی سعودی و هاوبەش لە پشکەکانی تویتەردا، لەپاڵ چەندین هاوبەشی دیکەدا لەلایەن خۆیەوە ئەم دەستپێشخەرییەی مەسکی ڕەتکردووەتەوە.

هەروەها کۆمپانیای “تۆما براڤۆ”ی تایبەت بە وەبەرهێنان، پێشنیازی خستنەڕووی دەستپێشخەرییەکی بۆ دەستەی بەڕێوەبەریی تویتەر کردووە، تاکو کێبڕکێی دەستپێشخەرییەکەی مەسکی پێبکات.

تەکەر کارلسۆن ڕۆژنامەنووس و پێشکەشکاری ئەمریکی، لەبارەی خواستەکەی مەسک و هەوڵوێستی تویتەر و لایەنەکانەوە ڕوونیکردووەتەوە، “ڕوونە تویتەر لەو کۆمپانیایانە نییە کە ئامانجیان پەیداکردنی پارەیە، بەڵکو ئەم کۆمپانیایە تەنها بۆ چاودێریکردنی ڕادەربڕین هەیە، هەر ئەمەس ئامانجەکەیەتی”.

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا تەکەر ئاماژەی بەوە داوە، “چەندین پرۆژەی مەسک لەگەڵ پرۆژەی سەرجەم حکومەتەکانی جیهاندا یەکتری دەبرن، ئەو حکومەتانەش کە پشتگیری دەستپێشخەرییەکەی نیین، دەتوانن تەنها لەسەر دەربڕینی ئەو بیرۆکەیە بیپلیشێننەوە، واتە ئەو سەرکێشی بە هەموو شتێکیەوە دەکات”.

بابەتی پێشتر

بە بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی بینای كۆلێژی كۆمپیوتەر و تەكنۆلۆژیای زانیاری لە خانەقین دروستدەكرێت

بابەتی دواتر

چین وێستگەیەك لە بۆشایی ئاسمان دروستدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share