دوایین قسەی شێخ باز لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی سەر ماڵەكەیەوە

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر، شێخ باز خاوەنی كۆمپانیاكانی كار گروپ و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دوایین قسەی خۆیان لەبارەی ڕووداوی هێرشە مووشەكییەكەی سەر ماڵەكەی شێخ باز كرد و دووەمیان ڕایگەیاند، كۆمپانیاكەی كوردستان و عێراقی خستووەتەسەر نەخشەی وزەی جیهان.

شێخ باز خاوەنی كۆمپانیاكانی كار گروپ ڕایگەیاند، “كار گروپ توانی لە كەرتی وزەدا كوردستان و عێراق لەڕووی كەرتی تایبەتەوە بخاتەسەر نەخشەی جیهان، بۆیە زۆر كەس چاویان بەوەدا هەڵنایەت و دەیانەوێت لە كار گروپ بدەن چونكە ڕۆڵی هەبووە لە بنیادنانی ژێرخانی وڵاتدا”.

لەبارەی چارەنووسی ماڵەكەی لە دوای هێرشە مووشەكییەكە، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كار گروپ ئاشكرایكرد، هێشتا بڕیارنەدراوە خانووەكە نۆژەنبكەنەوە، لەگەڵ پارێزگای هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكاندا بڕیاردەدەن نۆژەنبكرێتەوە یان بكرێت بە شوێنێك كە خەڵك وەك شوێنەواری هێرشەكە و بەشێك لە مێژووی هەولێر سەردانی بكەن.

لای خۆیەوە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، “زۆر كارەسات و ڕۆژی ناخۆشمان هەن لە هەرێمی كوردستان و هەولێر، بەڵام لە هەموو ئەو شەڕانەی ڕوویاندا لە ناوچەكەدا لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران و شەڕی كەنداو و ڕاپەڕین و سەركوتكردنی ڕاپەڕیندا، هەولێر نەدرایەبەر مووشەك، هەولێر كاری تیرۆریستی تیادا ئەنجامدرا و بە فڕۆكە بۆردومانكرا، بەڵام بە مووشەكی دوورهاوێژ لە وڵاتێكی ترەوە هێرشینەكراوەتەسەر، بۆیە ئەوە (هێرشە مووشەكییەكە) دەبێتە بەشێك لە مێژووی ئەوەی بەسەر گەلەكەماندا هاتووە”.

وتیشی، تا ئێستا بەپێی ئەنجامی بەرایی لێكۆڵینەوەكانی پەرلەمان و حكومەتی عێراق سەڵمێندراوە كە ماڵەكە تەنها شوێنی نیشتەجێبوون بووە.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی چوار تۆمەتباری دەستگیرکرد كە ماددەی هۆشبەریان بەكاردەهێنا

بابەتی دواتر

كەشناسیی عێراق: سبەینێ بارانی پچڕپچڕ دەبارێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share