حكومەتی بەریتانیا ژمارەیەك سزای نوێی بەسەر ڕوسیا و چەند بازرگانێكی ئەو وڵاتەدا سەپاند.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، لیستێكی نوێی سزایان بڵاوكردووەتەوە كە 206 كەس و 178 كەسایەتی لە كۆماری دۆنیتسك و لۆهانسك لەخۆدەگرێت.
ئاماژە بەوە كراوە، ئەو كەسانەی ناویان هاتووە خراونەتە لیستی سزاكانەوە كە هەریەك لە ئاندری فۆرسێنكۆ یاریدەدەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی ڕوسیا، هاوژینی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا و ڤیكتۆر مێدڤیدێڤچوك پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنی ئۆكرانیایە كە پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆكی ڕوسیادا هەبووە.
شەوی ڕابردوو حكومەتی ئۆكرانیا بڵاویكردووەتەوە كە ئەو پەرلەمانتارە دەستگیركراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ژمارەیەك لە بازرگانانی ڕوسیا لەنێویاندا سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمپانیای لوك ئوێڵی تایبەت بە بواری نەوت و سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمپانیای سیستینای كە لە بواری وەبەرهێناندا كاردەكات و ڤلادیمێر باكونین، سەرۆكی كۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ڕوسیا-ش لە لیستی سزاكاندان.