بڕیاری دەستگیركردن بۆ مەرجەعێكی شیعە دەركرا و دەیان لایەنگری دەستگیركران

بڕیاری دەستگیركردن بۆ مەحموود سەڕخی، یەكێك لە مەرجەعەكانی شیعەی عێراق دەركرا و دەیان لایەنگری لە چەندین پارێزگای عێراق دەستگیركران.

دۆسیەی “سەڕخی” پەرەیسەند و هێزە ئەمنییەكان لایەنگرانی بە تۆمەتی “توندڕەوی” دەستگیردەكەن، ئەوەش دوای ئەوەی بە قسەی یەكێك لە شوێنكەوتووانی، سەڕخی درزی خستە نێوماڵی شیعییەكان و حكومەت و سەدری هێنایە هاوكێشەی گرژییەكانەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، یەكێك لە شوێنكەوتووانی مەحموود سەڕخی كە پێشنوێژی حسێنییەیەكی قەزای ئەلقاسمە لە پارێزگای بابل، داوای ڕووخاندنی مەزاری كەسایەتییە ئایینییەكانی شیعەی كرد، ئەوەش تووڕەیی شەقامی ناوەڕاست و باشووری عێراقی لێكەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بڕیاری دەستگیركردنی بۆ سەڕخی دەركرد و هێزە ئەمنییەكان 29 كەسیان لە شوێنكەوتووانی ڕەوتی “سەڕخییە” لە پارێزگاكانی بەغداد، بابل، زیقار، قادسییە، موسەنا، بەسڕە، میسان، واست و نەجەف دەستگیركرد.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هەڵمەتی دەستگیركردنەكەوە بڵاوكردەوە و دەڵێت، “ئەوانەی دەستگیركراون سەر بە گروپی توندڕەون و هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی، ڕادەستی دادگا دەكرێن بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانە بدرێن”.

بەرەبەیانی سێشەممە چەندین كەس لە قەزای ئەلقاسم هەڵیانكوتایەسەر نووسینگەكەی مەحموود سەڕخی و گڕیان تێبەردا و سووتاندیان.

دواتر فەرماندەیی پۆلیسی بابل هەموو بارەگا و نووسینگە و تەنانەت حسێنییەكانی سەر بە ڕەوتەكەی مەحموود سەڕخی-ی داخست.

ناڕەزایەتییەكان درێژەیان كێشا و موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدریش بە پەیامێكی توند هاتەسەر هێڵ و ناڕەزایی خۆی دژ بەو وتەیەی شوێنكەوتووەكەی سەڕخی نیشاندا. سەدر داوایكرد لێپێچینەوە بكرێت و ڕایگەیاند، “نابێت چاوپۆشی بكرێت لەوەی لە كۆمەڵگەی عێراقیدا ڕوودەدات و لێرە و لەوێ بیروباوەڕی گەند بڵاودەكرێتەوە”.

تۆمەتباركردنی لایەنگرانی سەڕخی بە توندڕەوی بەهۆی ئەوەوەیە یەكێك لە شوێنكەوتووانی داوای ڕووخاندنی مەزاری كەسایەتییە ئایینییەكانی كردووە، بەڵام سەڕخی بەوە ناسراوە كە بیرێكی ئایینیی میانڕەوی هەیە.

بابەتی پێشتر

ئاژانسەکانی تەندروستیی ئەوروپا بەفەرمی بەرهەمەکانی کیندەر بەهۆکاری سالمۆنێلا تۆمەتباردەکەن

بابەتی دواتر

وشکەساڵی لە گەرمیان ڕاگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share