هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی – فۆتۆ: سه‌رتیپ عوسمان

هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ پایته‌ختی ڕۆشنبیری ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد كه‌ له‌لایه‌ن ڤیم فاونده‌یشنه‌وه‌ بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی میسۆپۆتامیا ڕێکدەخرێت، كۆمه‌ڵێك چالاكی له‌خۆ ده‌گرێت و سێ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، بڕیاریشه‌ ساڵانه‌ ئه‌م چالاكییه‌ له‌ سلێمانی به‌رده‌وام بێت.

ئه‌حمه‌د نه‌جم، جێگری سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی ڤیم له‌ لێدوانێكیدا به‌ تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئامانجمانه‌ له‌ڕێی ئه‌م جۆره‌ چالاكییانه‌وه‌ كارسازی به‌ كلتور بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر گه‌نجانمان هاوڵاتییانمان چاویان له‌ ده‌ستی حكومه‌ت و كه‌رتی گشتی نه‌بێت، چونكه‌ ده‌بینین ئه‌وه‌ كه‌رتی گشتیش موچه‌ی پێنادرێت، بۆیه‌ ده‌بێت تاكێكی كارساز به‌رهه‌م بهێنین”.

بڕیاره‌ ڤیم فاو‌نده‌یشن ساڵانه‌ به‌رده‌وامبێت له‌ ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی، ئه‌حمه‌د نه‌جم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “له‌مساڵدا دوو چالاكی دیكه‌ی هاوشێوه‌مان ده‌بێت و هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانیش ساڵانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین”.

له‌ هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی، پرۆژه‌ وه‌رگیراوه‌كانی 11 گه‌نج نمایش ده‌كرێن، جێگری سه‌رۆكی ڤیم له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی، “له‌و پرۆژه‌یه‌ی ڕامانگه‌یاند بۆ ده‌ستگیرۆیی گه‌نجانی خاوه‌ن پرۆژه‌، 11 گه‌نج براوه‌ی قۆناغی یه‌كه‌م بوون و ئێمه‌ له‌ چه‌ند ڕوویه‌كه‌ هاوكاریان ده‌بین له‌وانه‌ هاوكاریی مه‌عنه‌وی كه‌ ڕاهێنان و خولیان بۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوكاریی دارایی كه‌ خۆی له‌ 6 بۆ 12 هه‌زار دۆلار پاڵپشتیی دارایی ده‌بینێته‌وه، ئامانجیشمانه‌ له‌و پرۆژه‌دا له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا هاوكاریی هه‌زار و 100 گه‌نجی خاوه‌ن پرۆژه‌ بكه‌ین‌”.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19ی تشرینی دووه‌م، هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی كاره‌كانی ده‌ستپێكردووه‌ و سێ ڕۆژ ده‌خایه‌نێت، چه‌ندین كه‌سایه‌تی و كۆنسوڵخانه‌كانی وڵاتان سه‌ردانی چالاكییه‌كانی هه‌فته‌كه‌ ده‌كه‌ن و بڕیاریشه‌ له‌ ڕۆژی دووه‌می هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانییدا قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌شداری له‌ پانێڵێكدا بكات.

سه‌ره‌تا له‌ ساڵی 2008ه‌وه‌ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی كافمانه‌وه‌ هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی ده‌ستی پێكرد و به‌ڕێوه‌چوو، دواتر بووه‌ چالاكییه‌كی جیهانی و ئێستا له‌ زیاتر له‌ 180 وڵات به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ 40 هه‌زار چالاكی له‌و هه‌فته‌یه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌برێت.

هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی له‌ ڕۆژی یه‌كه‌مدا كه‌ كاتژمێر 10ی سه‌رله‌به‌یانی ده‌ستی پێكرد و له‌ چواری عه‌سر كۆتاییدێت، تیایدا زنجیره‌یه‌ك چالاكی به‌ڕێوه‌ده‌چن و پرۆژه‌ براوه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌م كه‌ له‌لایه‌ن ڤیمه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێن نمایش ده‌كرێن و چه‌ند پانێڵێكیش به‌ڕێوه‌ده‌چن.

تۆڕی میدیایی ئێستا له‌ شوێنی چالاكییه‌كه‌یه‌ و هه‌وڵده‌دات ڕووماڵی هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی بكات.

كارنامه‌ی ئه‌مڕۆ و سبه‌ی هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی كه‌ بڕیاره‌ سێ ڕۆژ بخایه‌نێت..

له‌ به‌شێكی چالاكییه‌كاندا لاڤه‌ حیكمه‌ت، سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی ڤیم له‌ وتارێكدا وتی، “هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ چوار سێكته‌ردا كارده‌كات ئه‌وانه‌ش ژینگه‌ و جێنده‌ر و ڕه‌خساندنی هه‌لی كار و پاراستنی ئاژه‌ڵان، بۆیه‌ ئێمه‌ش پێمان باش بوو ئه‌و چالاكییه‌ بهێنینه‌ سلێمانی به‌ ئامانجی پشتگیریكردنی كارسازانی ناوخۆیی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین بۆ گۆڕانی بنچینه‌یی له‌ دۆخی ژیانی گه‌نجانی بێكار و ژینگه‌ی وڵات و بابه‌ته‌ جێنده‌رییه‌كان و پاراستنی ئاژه‌ڵان”.

ته‌واوی وته‌كانی سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی ڤیم.. 

بابەتی پێشتر

کازمی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کار بە یاسای قەرز نەکات و بڕە پارەی هەرێم بنێرێت

بابەتی دواتر

کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ: 60 هەزار زیندانی لە زیندان و ناوەندەکانی چاکسازیدان لە عێراق

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share