هەڵبژاردنی فەرەنسا.. كێ خاوەن زۆرترین چانسە؟

دوایین ڕاپرسی: 51% بۆ ماكرۆن بەرامبەر بە 49% بۆ لۆپێن

دوای ئەوەی گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی فەرەنسا كۆتاییهات و تیایدا ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ماوە تەواوبوو و ماریان لۆپێن-ی ڕاستڕەوی پەرگیری ڕكابەری زۆرترینی دەنگەكانیان هێنا، ئەو پرسیارە لەئارادایە كە ئایا لە گەڕی دووەمدا كامیان خاوەن زۆرترین چانسی بردنەوەیە؟

ڕێكخەرانی ڕاپرسیی پەیمانگای (ئیڤۆپ) باس لە نزیكیی زۆری دەنگدەكانی هەردوو كاندید دەكەن لە گەڕی دووەمدا، بە بەدەستهێنانی 51% بۆ ماكرۆن بەرامبەر بە 49% بۆ لۆپێن، لەگەڵ زانینی ئەوەی لە ساڵی 2017دا ماكرۆن 66.1%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.

چاوەڕواندەكرێت سەرۆكی ماوەتەواوبووی فەرەنسا هەڵمەتی بانگەشە بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بە سەردانی هەرێمی با دو كالیە لە باكووری وڵات دەستپێبكات، ناوچەكە بە دەنگێكی زۆر بۆ لۆپێن-ی ڕكابەری لە گەڕی یەكەمدا جیاكرایەوە، بەر لەوەی سێشەمە ڕوو لە سترازبۆرگ لە ڕۆژهەڵات بكات.

ماكرۆن وتی، فەرەنسا و ئەوروپا ڕووبەڕووی ساتێكی یەكلاكەرەوە دەبنەوە، كە فەرەنسییەكان دەتوانن تێیپەڕێنن، ئەویش دەست بۆ هەر كەسێك درێژدەكات كە دەیەوێت لەپێناو فەرەنسادا كاربكات، وەك ئەوەی ڕۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە.

زۆرینەی 10 كاندیدە دوورخراوەكەی كێبڕكێكیان پشتیوانیی خۆیان بۆ ماكرۆن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستڕەوی توندڕەو لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەكەدا نیشاندا، جگە لە تەنها ئیریك زمور كە پشتیوانی بۆ لۆپێن دەربڕی.

لە بەرامبەردا ڤالیری بیكرێس-ی ڕاستڕەو و كاندیدی پارتی “كۆمارییەكان”، یانیك جادۆ-ی پارتی سەوز، فابیان ڕۆسیل-ی حزبی شیوعی و ئان هیدالگۆ-ی پارتی سۆشیالیست داوای دەنگدان بە ماكرۆن-یان كرد.

هاوكات جان لۆك میلنشۆن-ی كاندید كە ڕیزبەندی سێیەمی دەنگەكانی بە نزیكەی 21% بەدەستهێنا، جەختیكردەوە لەسەر پێویستیی دەنگنەدان بە لۆپێن، بەڵام داواینەكرد دەنگ بە ماكرۆن بدرێت.

هاوشێوەی میلنشۆن، فیلیپ پۆتۆ-ی كاندیدی دژ بە سەرمایەداری وتی، پێویستە بەهیچ جۆرێك دەنگ بە ڕاستڕەوی پەڕگیر نەدرێت.

لە خوێندنەوەیدا بۆ گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكە نزار جەلیدی-ی شیكاری سیاسی پێیوایە، زۆر نزیك بووە لەو ڕاپرسییانەی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو و بەتایبەتیش لە هەفتەكانی بەر لە پرۆسەی دەنگدان ئەنجامدران.

سایتی سكای نیوز لە زاری جەلیدی ڕوونیكردەوە، پێشبینییەكانی بردنەوە تا ڕادەیەكی زۆر ڕووەو ماكرۆن-ە، ئاماژەشی بە گرنگیی پاڵپشتیی كاندیدە شكستخواردووەكان بۆی كرد، بەهۆی ئەوەی خاوەن قەبارەی دەنگی ئەوتۆن كە مایەی پشتگوێخستن نییە.

ئەو شیكارە سیاسییە ئەوەشی وت كە جەنگی ئۆكرانیا كاریگەریی زۆری بەسەر هەڵبژاردنی فەرەنساوە دەبێت، بەشێوەیەكی ئەرێنیش كاریگەری لەسەر چانسی ماكرۆن دەبێت بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەكە.

بابەتی پێشتر

ڕوونكردنەوەی وەزارەتی كارەبا لەبارەی وەرگرتنەوەی قەرزە كەڵەكەبووەكان لە هاوڵاتییان

بابەتی دواتر

ژنە سنایپەرەکەی ئۆکرانیا کێیە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share