كچێكی ئێزدی: ئەبوبەكر بەغدادی كایلا مولەری لە خانوویەكی پیسدا لاقەكرد

كچێكی ئێزدی لە بەردەم دادگایەكی ئەمریكادا ئاشكرایكرد، ئەبوبەكر بەغدادی دەستدرێژیی سێكسی كردووەتەسەر كایلا مولەر ئەو كچە ئەمریكییەی لە كاروباری فریاگوزاریدا كاریدەكرد و لەلایەن داعشەوە لە سوریا ڕفێندرابوو.

لیا موللا كچێكی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعشە، لیا ساڵی 2014 كاتێك لەگەڵ خێزانەكەیدا هەوڵیاندا چیای شنگال بەجێبهێڵن، لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ڕفێندرا.

كایلا و دایكی

دوای ڕزگاركردنی لە داعش، لیا موللا بەشداریی پرۆسەی دادگاییكردنی شافعیی كردووە كە یەكێكە لە سەركردەكانی داعش و لە ئەمریكا دادگاییدەكرێت و گوماندەكرێت یەكێك بووبێت لە زیندانەوانەكانی كایلا، بەرلەوەی لەگەڵ سێ بیانیی دیكەدا لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بكوژرێن.

ماوەی چەند ڕۆژێكە دادگا و میدیای جیهان بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن: “ئایا ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی پێشووتری داعش دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتەسەر كایلا؟”.

لیا وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە و نهێنییەكەی ئاشكراكرد و لە بەردەم دادوەردا ڕایگەیاند، “بەغدادی لە خانوویەكی پیسدا دەستدرێژیی سێكسیی كردەسەر كایلا”.

كایلا مولەر خەڵكی ویلایەتی ئەریزۆنا بوو، لە بواری فریاگوزاریدا كاریدەكرد. ساڵی 2013 لەگەڵ هاوڕێیەكی سوریدا سەردانی نەخۆشخانەیەكی حەلەب دەكەن، بەمەبەستی چاككردنی ئامێرێكی سەتەلایت كە پێشتر داوای چاككردنی لە هاوڕێكەی كرابوو، لەو كاتەدا گروپێكی چەكداری سەر بە داعش دەیڕفێنن و دواتر وابڵاوكرابووەوە كە ڕادەستی بەغدادی كرابێت.

كچە كوردەكە لە دادگاكەی ئەمریكادا ڕایگەیاند، لەگەڵ كایلادا یەكیانگرتووە و پێكەوە لە شوێنێكدا دەستبەسەركرابوون. بەپێی وتەی ئەو، “خانوویەكی پیس” هەبووە كە داعشەكان ژنان و كچانی دەستبەسەركراویان دەبردە ئەوێ بەمەبەستی دەستدرێژیكردنەسەریان، شەوێك ئەبوبەكر بەغدادی چووەتە شوێنەكە و كایلای بردووە بۆ ئەو خانووە.

لیا موللا دەڵێت، “بەیانیی ڕۆژی دواتر كایلا گەڕایەوە و زۆر ڕاڕا و غەمگین بوو، دەگریا، بۆی گێڕامەوە كە دەستدرێژیی سێكسیی كراوەتەسەر و بەغدادی هەڕەشەی لێكردووە ئەگەر هەوڵی هەڵاتن بدات، ئەوا دەیكوژێت”.

كچە ئێزدییەكە ڕایگەیاند، دواتر كاتێك پلانی هەڵاتنی داڕشتووە، بە كایلای وتووە لەگەڵیدا هەڵبێت، بەڵام ئەو ترساوە لەوەی ئەگەر بگیرێت سەری ببڕن.

لیا دەڵێت، “كایلا پێیڕاگەیاندم ئەگەر سەركەوتووبوویت لە هەڵاتن، چیرۆكەكەم بگەیەنە بە جیهان”.

بەپێی وتەی لیا، دوای هەڵاتنی، براكەی هاوكاریكردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە هاوڕێیەكییەوە بكات كە لەگەڵ ئەمریكییەكاندا وەك وەرگێڕ كاریكردووە و دەڵێت، “چیرۆكەكەی كایلام بۆ گێڕانەوە”.

بابەتی پێشتر

لیڤەرپوڵ بە نونێز هەڕەشە لە محەمەد سەڵاح دەکات

بابەتی دواتر

توركیا 46 كەس بەتۆمەتی پاڵپشتیكردنی دارایی پەكەكە دەستگیردەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share