تەندروستیی گەرمیان: دابینکردنی دەرمان دەستپێدەکاتەوە

تەندروستیی گەرمیان تەندەری دابینکردنی دەرمانی بۆ سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەستپێکرد و بڕیارە کۆمپانیاکانی دەرمان دەستبکەن بە دابینکردنی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بۆ ناوچەکە.

لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە کێشەی دابیننەکردنی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و لە هەفتەی ڕابردوودا کێشەکە گەیشتە داخستنی ژمارەیەک نەخۆشخانە و ناوەندی تەندروستی.

لە ئیدارەی گەرمیان کێشەی دەرمان هاوشێوەی سلێمانی لەو ماوەیەدا بوونی هەبووە، لەو بارەیەوە دکتۆر حارس محەمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لە ماوەی ڕابردوودا دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەی دەرمانەوە سەردانی کردوون و بەڵێنی چارەسەری کێشەکەی پێداون.

بەپێی وتەی دکتۆر ڕەهێڵ بەڵێنی خەرجکردنی شەش ملیار دیناری تایبەت بە دابینکردنی دەرمان دراوە، لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار ئاماژەی بەوە کرد، کە دەستیانکردووەتەوە بە تەندەر بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان و ژمارەیەک کۆمپانیا ئەو تەندەرەیان بۆ دەرچووە و بەڵێنی دابینکردنی دەرمانیان داوە.

دکتۆر حارس محەمەد جەختیکردەوە، کێشەی دەرمان لە سنوورەکەیان چارەسەردەبێت و ئەو کۆمپانیایانە لە هەفتەی داهاتووەوە دەستدەکەن بە دابینکردنی دەرمان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، ئەگەر بەمشێوەیە بێت کۆمپانیاکانی دەرمان ئامادەنابن جارێکی دیکە تەندەری دەرمان دابینکردن نوێبکەنەوە ئەوەش درێژە بە کێشەکە دەدات.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی پاكستان شەهباز شەریفی وەك سەرۆك وەزیرانی نوێ هەڵبژارد

بابەتی دواتر

بۆ دابەزاندنی کێش.. ئەم خواردنەوانە بخە بەرنامەی خۆراکەکەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share