دوای چەند ڕۆژێك لە دابەشنەكردنی، ئەمڕۆ جارێكی دیكە دەستبە دابەشكردنی بەنزینە 690 دینارییەكەی عێراق دەكرێتەوە لە سلێمانی.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ بەنزینی 690 دیناری لە بەنزینخانەكانی نێوشار و دەرەوەی شار و هێڵەكانی پاس، تاكسی و ئۆتۆمبێلی تایبەت دابەشدەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە لەنێو شار لە بەنزینخانەكانی (هەڵەبجە تانجەرۆ، بەکرەجۆ) و لە دەرەوەی شاریش لە بەنزینخانەكانی (لیزا ،هەڵۆ لە چەمچەماڵ، خانەقین، پێشەنگ، فام، بامۆکی دوکان) دابەشدەكرێت.
هەروەها لە دەرەوەی شار لە بەنزینخانەی (تاسڵوجە بۆ پاسی هێڵ) و (مژدە، بامۆک) بۆ تاکسی بە ژمارەی تاک دابەشدەكرێت.
پێشتر بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وتبوو، چەند ڕۆژێکە هاتنی بەنزینە 690 دینارییەكەی عێراق بۆ سلێمانی و دەوروبەری ڕاگیراوە، هۆكارەكەشی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی پاڵاوتگەکانی عێراقە.
باسی لەوەشكردبوو، پێشتریش بەهۆی مانگرتنی فەرمانبەران و چەند ڕۆژێكیش بەهۆی خۆپیشاندانەکانی کۆیەوە تانکەرەکان نەیاندەتوانی داخڵی پارێزگاكە بن ئەوانەیش بوونە هۆکاری دیكەی نەهاتنی بەنزینەکە.