دەربازبوونێكی سەیر.. منداڵێكی تەمەن دوو ساڵ لە داڕووخانی شانۆیەك ڕزگاریبوو

شانۆی ماریۆپۆل لەلایەن ڕوسیاوە بۆردومانكرا سەرەڕای بوونی كەسانی مەدەنی تیایدا

سەرەڕای ئەوەی دیواری شانۆكە بەسەر كچەكەیدا كەوت لەكاتی بۆردومانی ڕوسیا بۆسەر شانۆی ماریۆپۆل، ڤیكتۆریا دۆبۆڤیتسكایا و منداڵەكانی یەكێك بوون لە ڕزگاربووانی ئەو بۆردومانە.

ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) لە زاری دۆبۆڤیتسكایا ڕایگەیاند، شانۆكە بەهۆی بۆردومانەكە ڕووخا، چاوەڕوانی هاواری ناستیا-ی كچە دوو ساڵانەكەی بوو تا بزانێت هێشتا لەژیان ماوە.

دووپاتیشیكردەوە، خۆی و دوو منداڵە بچوكەكەی لەنێو ئەو ژمارە مەدەنییەی شانۆی ماریۆپۆل بۆ درامادا بوون كە لە 16ی ئازار بۆردومانێكی ئاسمانیی ڕوسیا بەشێكی داڕووخاند.

دوای ڕووداوەكە كیێڤ ڕوسیای تۆمەتباركرد بە بۆردومانی شانۆكە كە زیاتر لە هەزار هاوڵاتیی مەدەنی لە ناوەڕاستی ئازاری ڕابردوو پەنایان بۆ بردبوو.

ئەوكات ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا وتی، لە ماریۆپۆل هێزی ئاسمانیی ڕوسیا بە ئەنقەست بۆمبی ئاراستەی شانۆكە كردووە كە دەكەوێتە ناوەڕاستی شارەكەوە و بەهۆیەوە ڕووخاوە.

كۆمپانیای ئەمریكی بۆ تەكنیكی بۆشایی ئاسمان (ماكسار تەكنەلۆجیز)ی تایبەت بە وێنەی مانگە دەستكردەكان وێنەیەكی شانۆكەی بڵاوكردەوە و تیایدا وشەی “منداڵ”ی نوسراو لەسەر زەوی بە پیتی سپیی گەورە و بە ڕوسی لە بەردەم بیناكە و پشتیەوە دەبینرێت.

ڕۆژنامەكە باسی لەوەشكردووە، بۆردومانكردنی شانۆی دراماكەی شاری ماریۆپۆل كە دەكەوێت پشت دەریای ئازۆف، بووەتەهۆی كوژرانی سەدان كەس.

دۆبۆڤیتسكایا دەڵێت، هیوای خواستووە ناستیا-ی كچی لە ژیان مابێت لەژێر داروپەردووەكاندا تەنانەت ئەگەر دەست و قاچی لەدەستدابێت. لە ساتەكانی یەكەمی ڕووداوە تراژیدییەكەدا. دوای ئەوە زانیویەتی كە كچەكەی ڕزگاری بووە.

ناسیتا هاواریكردووە “دایكە” كە بۆ دایكی مژدەی لەژیان مانەوەی بووە، وەك ئەوەی دۆبۆڤیتسكایا دەیڵێت پاش ڕووخانی دیوارەكە بەسەریدا. دواتر بەرەو ڕووی ڕۆیشتووە بۆ لابردنی داروپەردووەكەی سەری.

وتی، “هەستم بە بوونی جۆرێك لە قوماش كرد، كاتێك بۆ دەرەوە ڕامكێشا. سەرتاپای سپی بوو جگە لە دەموچاوی كە لەكاتی داڕوخانی دیوارەكەدا بە بەتانی داپۆشرابوو”.

ئەوەشی وت، “پێدەچێت بەتانیەكە ڕزگاری كردبێت، بەهۆی ئەوەی ئەگەر داروپەردووەكە بەر سەری بكەوتایە، زۆر ئەستەم بوو بۆ منداڵێكی تەمەن دوو ساڵ لەژیاندا بمێنێتەوە”.

سەرەڕای ئەوەی ژمارەی قوربانییان ڕوون نییە، ئیدارەی ماریۆپۆل دەڵێت، باوەڕی وایە نزیكەی 300 كەس لە شانۆكە گیانیان لەدەستدابێت.

چەندین هەوڵی پێشوو بۆ كردنەوەی ڕێڕەوی سەلامەت بۆ گواستنەوە دانیشتووانی ماریۆپۆل شكستی هێنا، ژمارەیەك كاروانی هاوكاری ناچاربوون بگەڕێنەوە، پێنجشەممە سەرۆكی شارەوانی شارەكە وتی، باوەڕوایە لانیكەمی پێنج هەزار كەس لە هێرشەكاندا بۆسەر ماریۆپۆل كوژراون.

لەگەڵ توندیی هێرشەكان و گەمارۆدانی، بەشێك لە ئۆكرانییەكانی دانیشتووی شارەكە ناوبەناو بە ئۆتۆمبێل و پاس بەنێو بینا داڕوخاو و ئۆتۆمبێلە سوتاو و خاڵە پشكنینە سەربازییەكانی ڕوسیا دەربازبوون.

لەنێو ئەوانەدا كە توانییان بە سەلامەتی لە ماریۆپۆل دەربازبن، بە هەفتەیەك پاش بۆردومانی سەر شانۆكە، دۆبۆڤیتسكایا و منداڵەكانی بوو كە سەرەتا خۆیان لە خوێندنگایەك حەشاردا بەر لە دەرچوون لە شارەكە.

بابەتی پێشتر

سی ساڵ گەنج دەبنەوە.. زاناکان ڕێگایەک بۆ نوێکردنەوەی خانەکانی پێست دەدۆزنەوە

بابەتی دواتر

تابلۆی "خانمە ڕووتەکە"ی پیکاسۆ دەفرۆشرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share