دەستەی دەستپاكیی عێراق ئاشكرایكرد بڕیاری زیندانیكردن بۆ ماوەی حەوت ساڵ بۆ ژمارەیەك لە بەرپرسانی پارێزگای موسڵ بەشێوەی نائامادە دەرچووە بەتۆمەتی بەهەدەردانی هەشت ملیار دینار.
فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكانی دەستەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، بڕیارێك لەلایەن دادگای تاوانی نەینەواوە دەرهەق بە ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشووی موسڵ دەرچووە بەهۆی خەرجكردنی پارە بۆ سەربازگەكانی حەشدی نیشتمانیی (زلیكان، دوبەردان، مەخمور و ڕەبیعە) بەپێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەكان، سەرەڕای سەرپێچیكردنی دەسەڵاتە داراییەكانی خەرجكردن لە دەرەوەی ماددەكانی یاسای بودجە.
وتیشی، جگە لە یاریكردن بە نرخ ئەمەش بووەتەهۆی بەهەدەردانی داهاتی گشتی بە بڕی 2.7 ملیار دینار.
هاوكات دادگای ناوەندیی ڕیشەكێشكردنی گەندەڵی بڕیاری ئیدانەكردنی بەڕێوەبەری فەرمانگەی پرۆژەكانی پارێزگای موسڵی داوە لە پرسی پاكتاونەكردنی بڕی ئەو پارە سولفەیەی تایبەت بە دامەزراندنی ژێرخانی خێوەتگاكانی ئاوارەبووانی پارێزگاكە تەرخانكراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە پارەكە لەلایەن وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانەوە خەرجكراوە و بڕەكەی دەگاتە پێنج ملیار دینار.