بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو تەرمی پێنج لەو كۆچبەرە كوردانەی لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوو لە یۆنان گیانیان لەدەستدا بگەڕێندرێنەوە هەرێم، دووانیان منداڵن.
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بڵاویكردەوە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ و نیو بەسەر ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی یەختێکی کۆچبەران لە 21ی كانونی یەكەمی 2021 لە نزیك دوورگەی سانتۆرینی یۆنان، تەرمی پێنج کۆچبەری کورد بە چەند قۆناغێکی جیاجیا لەلایەن پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان دۆزرانەوە.
دۆزینەوەی تەرمەكان دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد لەسەر بێسەرشوێنبووان و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بۆ کەسوکاریان و ڕادەستکردنی بووە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەك ئەوەی ڕێكخراوەكە لە زاری حسێن حەمەساڵح نوێنەریان لە یۆنان ئاماژەی پێداوە.
وتیشی، “بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو تەرمەکان بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان”.
ئەو كۆچبەرانەی تەرمەكانیان دەگەڕێندرێنەوە بریتین لە:
یەکەم: جێگر ئەبوبەكر برایم تەمەن بیست و دوو ساڵ
دووەم: بارێز ناسیح محەمەد تەمەن بیست و دوو ساڵ
سێیەم: ژاکاو محەمەد ئەمین تەمەن بیست و سێ ساڵ
چوارەم: سێڤدا فریاد عەلی تەمەن شەش ساڵ
پێنج: محەمەد ڕێبوار عەبدوڵا تەمەن دوو ساڵ
دەزگای لوتکە ئاشكراشیكرد، تائێستا دۆسیەی سەرجەم بێسەروشوێنبووانی ئەو ڕووداوە و سەرجەم ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوو بە کراوەیی ماون و بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بەمەبەستی هاوکاری و کارئاسانی بۆ کەسوکاریان.