بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ساڵڕۆژی كۆچی دوایی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد ڕایگەیاند،” ئەمڕۆ ٢٢ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی مامۆستای سیاسەت و كوردایەتی، ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەری، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد تێدەپەڕێت كە یەكێك بوو لە سیمبولەكانی سیاسەت”.
ئاماژە بەوە دەكات، ڕێبەری خەبات و تێكۆشان لە سەدەی ڕابردوودا و بەو بیرە نەتەوەییەوە كە هەیبوو، هەموو ژیانی بۆ خەبات دژی زوڵم و ستەم تەرخانكرد. ئەمەش نەك هەر لە كاری سیاسیدا، بەڵكو لە بەرهەمە ئەدەبی و ڕۆژنامەوانییەكانیدا بە ئاشكرا دیارە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی باس لەوە دەكات ،یەكڕیزی و یەكدەنگيی كورد بەرامبەر داگیركەران و هەبوونی گوتارێكی نەتەوەیی و نیشتمانی لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا خەمی گەورەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بوو. هەمیشە بڕوای بەوە هەبووە كە سەركەوتنی كورد پەیوەستە بە یەكگرتوویی و یەكڕیزیی ناوماڵی كوردەوە، بۆ ئەمەش هەوڵی زۆریداوە و مێژوو شاهیدی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ مامۆستا ئیبراهیم دەدات بەرامبەر سەربەرزی و سەرفرازيی خەڵكی كوردستان.
دەڵێت، ” ئەوكاتەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، خەباتی سیاسیی گۆڕانكاری و نوێگەری بەسەردا هات و بناغەیەكی نوێی بۆ خەبات و كاری سیاسی دانا. ئەمەش كاریگەرییەكی بەرچاوی هەبوو لە سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و شێوازی كاركردنیدا. ئەوانەی ڕابردوو لەیاد ناكەن و مێژوو وەك خۆی دەگێڕنەوە، ئەم ڕاستییە باش دەزانن”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوە كرد، “ئێمە خەبات و تێكۆشانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەیاد ناكەین. بە سوودوەرگرتن لەو میراتە سیاسی و ڕۆشنبیرییەی مامۆستا بۆ ئێمەی جێهێشتووە درێژە بە خەباتدەدەین و بە ئومێدەوە بۆ داهاتوو دەڕوانین. ئەمەش ئەرك و بەرپرسارێتيی ئێمەیە بەرامبەر نەتەوەكەمان و وەفاداریمان بۆ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد”.