وەك ئامادەكارییەك بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان، سوپای توركیا دەستی بە گواستنەوەی هێز بە ئاراستەی سنوورەکانی باشووری کوردستان کردووە.
دەوڵەتی تورکیا لەمیانەی ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی نوێ بۆسەر پەكەكە، دەستی بە گواستنەوەی سوپا کردووە بە ئاراستەی سنوورەکانی باشووری کوردستان، وەك ئاژانسی مەزۆپۆتامیا بڵاویكردووەتەوە.
بەپێی ئەو ئاژانسە، تورکیا بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی نوێ لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لە هەرێمی کوردستان، هێزێکی زۆری بەرەو سنووری باشووری کوردستان گواستووەتەوە.
ئاشكرایكردووە، چەند ڕۆژێکە سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆش دەگوازێتەوە بۆ گوندەکانی سنووری شارۆچکەی چەلێ-ی جولەمێرگ و لە ناوچە سنوورییەکان جێگیرکراون. شەوی ڕابردووش جموجوڵێکی زۆری سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان هەبووە و هێلیکۆپتەرەكانی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی زاویتە، ئاشووت، گێمان و ئەلمونای شرناخەوە سەربازیان بەرەو سنووری هەرێمی کوردستان گواستووەتەوە.
لەبارەی هەمان پێشهاتەوە، ئاژانسی فورات نیوز ئاشکرایکردووە، ئەو سەربازانەی بە هێلیکۆپتەر گواستراونەتەوە بۆ دیوی باشووری کوردستان، لە بارەگاکانی سوپای تورکیا لە گوندەکانی بێدوحێ و ئۆرێ جێگیرکراون، لەگەڵ ئەوەشدا جموجوڵە سەربازییەکان لەو ناوچەیەدا بەردەوامن.
لە ماوەی ڕابردوودا كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) ڕایگەیاندبوو، توركیا ئامادەكاری دەكات بۆ دەستپێكردنی هێرشێكی سەربازی بۆسەر هێزەكانیان لە باشووری كوردستان و لەو ئۆپەراسیۆنەدا پارتی دیموكراتی كوردستان هاوكاریدەكات.