یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام بە چەند پێشمەرجێك، كە سەرەكیترینیان فرەبازنەیی و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و لیستی جیای پێكهاتەكانە.
ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی، “بەڵێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆی، بەڵام بەتۆمارێکی خاوێنی دەنگدەران دوور لەناوی مردوو و دووبارە و هاوڵاتی بیانی و بەچوار بازنەی پارێزگاکانی هەرێم و بە لیستی تێکەڵاو”.
هەڵەدنی بۆ دەنگدانی پێكهاتەكانیش دەڵێت، “تۆماری دەنگدانی پێکهاتەکان جیابكرێتەوە، تا خۆیان نوێنەرەكانیان هەڵبژێرن، نەک بە دەنگی لیوا سەربازییەکان..”.
هەڵوێستەكەی هەڵەدنی لەكاتێكدایە، دوێنێ پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لەكاتی خۆیدا مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی پارتی هەڕەشەی ئەوەیكرد پرسەكە بە زۆرینەی پەرلەمانی تێپەڕێنێت، لەبەرامبەردا زۆربەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و سەربەخۆكان وەڵامی پارتییان دایەوە بەوەی ئەوەی لەگەڵ لایەنەكان ناسازێت و لە فرەبازنەیی و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەترسێت، پارتییە.