ژمارەیەك لە شۆفێرانی تەكسی لە بەردەم یەكێك لە وێستگەكانی دابەشكردنی بەنزینی عێراقی لە هەولێر گردبوونەوەیان ئەنجامدا و دەڵێن، زیاتر لە چوار كاتژمێر لە سەرەدا بوون و پێیانوتراوە بەنزین نەماوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە شۆفێرانی تەكسی لە بەردەم یەكێك لە وێستگەكانی دابەشكردنی بەنزین لە هەولێر گردبوونەوە.
یەكێك لە بەشداربووانی گردبوونەوەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لەكاتژمێر 11ەوە لە سەرەی بەنزینم، پاش چوار كاتژمێر نیو وەستان، پێیان وتین بەنزین نەماوە.
ئەو شۆفێرە گومانی خۆی نیشاندا بەوەی بەنزین ماوە، بەڵام بڕێكی كەمی بە 690 دینار دەفرۆشرێت، ئەوی دیكەی بەنرخی بازرگانی بە 1025 دینار بۆ هەر لیترێك دەفرۆشنەوە.
كاتێكیش تەلەفۆنیان بۆ پارێزگای هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە تا لیژنەكانی سەر بە پارێزگا بگەن و بەدواداچوون بكەن، ئەو شۆفێرە وتی لەجیاتی ئەوان كارمەندانی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پلەدارەكانیان هاتوون.
بەمەبەستی ڕێكخستنی لەماوەی ڕابردوودا ئیدارەی هەولێر بڕیاریدا دابەشكردنی بەنزین بكرێتە تاك و جوت، بەڵام شۆفێران دەڵێن، دابەشكردن بەشێوازەكەی پێشوو باشتربوو و بەریاندەكەوت.
شۆفێرێكی دیكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دەڵێن بەنزین نەماوە، بەڵام خەڵك متمانەی بەو جۆرە قسانە نەماوە و متمانەیان بە بەنزیخانەكان نییە.
“داوامان ئەوەیە بەنزینخانە بۆ تەكسی زیادبكات، ئێمە بژێویمان لەسەر تەكسییە” بەشداربوویەكی دیكەی گردبوونەوەكە وای وت. داواشیكرد لیژنەكانی پارێزگای هەولێر بێنەسەرخەت.
ئەو شۆفێرە باسی لەوەكرد كە كارەكەی بەشی بژێوی ژیانی ناكات بۆیە بیری لەوەكردووەتەوە لە مانگی ڕەمەزانەوە دەست بە فرۆشتنی ئاو بكات.