بەرەی بایكۆتی دانیشتنەكەی پەرلەمان فراوانتربوو

سەرکردەیەکی چێوەی هەماهەنگیی شیعەکان ئاشكرایدەكات، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی هاتوونەتە ڕیزی بەرەی بایکۆتکردنی دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی نوێنەران بەرزبووەتەوە.

عائید هیلالی، سەرکردە لە هاوپەیمانێتیی چێوەی هەماهەنگیی شیعەكان بە میدیا عێراقییەكانی وتووە، “سەرجەم ئەو هێزانەی لە بەرەی سێیەكی پەكخەردان تاوەكو ئێستا یەکگرتوون و مكوڕن لەسەر هەڵوێستی پێشووی خۆیان”.

ئاشكراشیكردووە، لە دوای دانیشتنەكەی ڕۆژی شەممەوە بەرەكەیان فراوانتربووە و ژمارەی ئەندامانی بایكۆت گەیشتووەتە 135 پەرلەمانتار و ژمارەکەش زیاتر بەرزدەبێتەوە.

سەركردەكەی چێوەی هەماهەنگی جەختیكردووەتەوە، لە دانیشتنەكەی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا هەڵبژاردنی کاندیدەكانی هاوپەیمانیی سێقۆڵیی نێوان سەدر، بارزانی و حەلبووسی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و ڕاسپاردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی چێوەی هەماهەنگی، نەك تەنها قورسە، بەڵکو ئەستەمیشە.

پێشیوایە، هاوپەیمانیی سێقۆڵی پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران، لەگەڵ لایەنەکانی تردا ڕێککەوتن ئەنجامبدات، ئەگەرنا چەقبەستوویی سیاسیی هەر بەمشێوەیە بەردەوامدەبێت و دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەناچن.

بابەتی پێشتر

زللــەیەكی ویڵ سمیس هەرای نایەوە <br> ئۆسكاری 2022 دابەشكرا.. نابیستێك و جێندەرگۆڕاوێك ئۆسكاریان بردەوە

بابەتی دواتر

مه‌سعود بارزانی-ش لەبارەی "سووكایەتیكردن" بە سیستانی هاتە سەرهێڵ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share