زللــەیەكی ویڵ سمیس هەرای نایەوە
ئۆسكاری 2022 دابەشكرا.. نابیستێك و جێندەرگۆڕاوێك ئۆسكاریان بردەوە

لە شاری لۆس ئەنجلس-ی ویلایەتی كالیفۆرنیا، ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاری 2022 بەڕێوەچوو، ئەمساڵ ئاهەنگەكە بە ئۆنلاین بەڕێوەنەچوو و ئامادەبووان ڕاستەوخۆ بەریەككەوتنیان لەگەڵ یەك هەبوو، لە براوەكانی خەڵاتەكەدا ئەنجامی چاوەڕواننەكراو هەبوون، زللــەیەكیش بووە یەكێك لە سەرەكیترین ڕووداوەكانی ئاهەنگەكە.

خەڵاتی باشترین فیلم، براوەیەكی چاوەڕواننەكراو

بۆ باشترین فیلمی ئەمساڵ، پێش ئاهەنگەكە، چەند فیلمێكی دیار و پڕداهات، كە بودجەی زۆریان بۆ تەرخانكرابوو، پاڵێوراوبوون بۆ بوونە باشترین فیلمی 2022 و وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار، بەڵام دوور لە چاوەڕوانییەكان، فیلمی “CODA”، كە بە تێچوویەكی كەم بەرهەمهێنراوە، خەڵاتی ئۆسكاری بۆ باشترین فیلم بردەوە.

“CODA” سەركەوتنی بەسەر چەندین فیلمی بەهێز و پڕخەرجی سەركەوت، لە نموونەی، “Belfast”، “Don’t Look Up”، “King Richard”، “West Side Story” و “The Power of the Dog” و چەند فیلمێكی دیكە.

فیلمی “CODA” باس لە چیرۆكی خێزانێک دەکات کە لە ئەمریکا دەژین، تەواوی ئەندامانی خێزانەکە نابیست و لاڵن، تەنها كچێكیان نەبێت، كاردەكات بۆ گەیشتن بە خەونەكانی، كە سەرەكیترینیان بوونە بە گۆرانیبێژ، بەڵام ناچارە لەنێوان گەیشتن بە خەونەكانی و یارمەتیدانی خێزانەكەی، یەكێكیان هەڵبژێرێت.

فیلمی كۆدا، براوەی خەڵاتی باشترین فیلم

باشترین ئەکتەر، ناوێكی ناسراو

ویڵ سمیس خەڵاتی باشترین ئەكتەری سەرەكیی پیاوی بردەوە، لە بەرامبەر نواندنی لە فیلمی “King Richard”.

ویڵ توانی خەڵاتەكە لە چنگی چەند ئەكتەرێكی بەناوبانگ وەرگرێت، لە نموونەی “خافێر باردیم”، “ئەندریو گارفیڵد” و تەنانەت “دینزیڵ واشنتن”.

ویڵ سمیس بۆ دووەمجارە خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەكی وەردەگرێت.

 

ویڵ سمیس لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئەكتەر

باشترین ئەکتەری ژن

جێسیکا چاستاین، كە ژنەئەكتەرێكی دیاری هۆلیوودە و پێشتر ڕۆڵی نایابی لە چەند فیلمێكدا بینیوە، بووە براوەی خەڵاتی باشترین ژنەئەكتەری سەرەكی، لە نواندنی لە فیلمی “The Eyes of Tammy Faye”، كە باس لە هاوسەر و هاوژینێك دەكات، تۆڕێكی گەورەی تەلەڤیزیۆنیی ئایینی دادەمەزرێنن، ناوبانگێكی زۆر پەیدا دەكەن، بەڵام خراپبەكارهێنانی داهات وادەكات لەكەداربن و كۆتایی بە ناوبانگیان دێت.

چاستاین لەسەر پشتی چەند خانمە ئەكتەرێكی دیكەی بەهێز و سەرنجڕاكێش بووە براوەی خەڵاتی ئۆسكار، بە نموونەی “نیكۆل كیدمان”، “پێنەلوپی كروز”، “ئۆلیڤیان كۆڵمان” و “كریستین ستیوارت”.

جێسیكا چاستاین، براوەی ئۆسكاری باشترین خانمەئەكتەر

باشترین ئەكتەری لاوەكی، نابیستێك

بۆ ئەمساڵ، نابیستێك خەڵاتی ئۆسكاری بۆ باشترین ئەكتەری لاوەكی بردەوە، ئەویش “ترۆی كۆتسۆر” بوو، كە لە نواندنیدا لە فیلمی “CODA” ئۆسكاری 2022ی بردەوە بۆ باشترین ئەكتەری یاریدەدەر.

سەرەڕای مێژووە دوور و درێژەكەی، ئۆسكار بە كەمتەرخەم دادەنرێت لە ئاوڕدانەوە لە ئەكتەرانی خاوەنپێداویستیی تایبەت، ئەمە دووەم جارە ئەكتەری خاوەنپێداویستیی تایبەت ئۆسكار بباتەوە.

پێشتر و لە ساڵی 1986 ژنەئەكتەر “مارلی بێس ماتلین” خەڵاتی باشترین ئەكتەری وەرگرتووە و تاكە ئەكتەرەی خاوەن پێداویستی بوو ئۆسكاری بردبێتەوە، پێش كۆتسۆر.

ترۆی كۆتسۆر‏-ی نابیست

باشترین ژنەئەکتەری لاوەکی، ڕەگەزگۆڕاوێك

ئاریانا دوبۆز، خەڵاتی باشترین ژنەئەکتەری لاوەکی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی ئۆسكار، لە نواندنی لە فیلمی “West Side Story”.

ئەوەی بردنەوەكەی دوبۆز جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە یەكەم ژنەئەكتەری “ڕەشپێستی ڕەگەزگۆڕاو”ــە خەڵاتی ئۆسكار بباتەوە.

ئاریانا دوبۆز

باشترین دەرهێنەر

یەكێك لە خەڵاتە سەرەكییەكانی ئۆسكار، خەڵاتی باشترین دەرهێنەرە، كە بۆ ئەمساڵ خانمەدەرهێنەر “جەین كامپیۆن” خەڵاتەكەی بردەوە، بە دەرهێنانی فیلمی The Power of the Dog.

كامپیۆن توانی بەرامبەر بە دەرهێنەری بەناوبانگ “ستیڤن سپیڵبێرگ” و چەند دەرهێنەرێكی دیكەی جیهانی، ئۆسكاری 2022 بۆ باشترین دەرهێنەر بباتەوە.

زللــەی خۆشەویستی

ویڵ سمیس، كە بۆ ئەمساڵ خەڵاتی ئۆسكاری باشترین ئەكتەری وەرگرت، شەوێكی بێكێشەی بەڕێنەكرد، كاردانەوەیەكی، بووە یەكێك لە سەرەكیترین ڕووداوەكانی ئاهەنگی ئەمساڵی ئۆسكار.

هاوژینی ویڵ سمیس نەخۆشییەكی هەیە و قژی ڕووتاوەتەوە، کریس ڕۆک، كە یەکێک بوو لە پێشکەشكارەکانی ئاهەنگی ئۆسكاری 2022، جۆرێك لە گاڵتەی لەگەڵ هاوژینەكەی سمیسدا كرد، سەرەتا قسەكە ئاسایی ڕۆیشت، بەڵام دواتر كە سمیس هەستیكرد هاوژینەكەی پێیناخۆش بووە، زللــەیەكی لە کریس ڕۆک دا و داوایلێكرد “چیتر ناوی هاوژینەكەم بەدەمتا نەیەت”.

ساتی زللـەكە

دواتر كە سمیس بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكاری باشترین ئەكتەر چووە سەر تەختەی ڕێوڕەسمەكە، داوای لێبوردنی نەكرد، تەنها وتی، “هەندێك جار خۆشەویستی كاری شێتانەت پێدەكات”.

بابەتی پێشتر

لە سلێمانی باندێكی بەكارهێنەر و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركرا

بابەتی دواتر

بەرەی بایكۆتی دانیشتنەكەی پەرلەمان فراوانتربوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share