خەزور و هاوژینی تەقەكەرەكەی هەولێر وردەكاری ڕوداوەكان دەگێڕنەوە

دیمەنێك لە ڕوداوەكە

كاتژمێر 10:30ی شەوە و شەقام چۆڵ و بێدەنگە، ئۆتۆمبێلێكی كۆكەرەوەی خاشاك بە بەردەم ماڵی فەرهاد-دا لە گەڕەکی 122ی گوڵانی هەولێر تێدەپەڕێت و كەسێك لەناو ئۆتۆمبێلەكەوە بە چەكی كلاشینكۆف تەقە لە ماڵەكەیان دەكات.

زیاتر لە 15 گولە تەقێنراون و بەر دەرگا و پەنجەرە كەوتوون و چەند گولەیەكیش گەیشتوونەتە ناو هۆڵی دانیشتنی ماڵەكە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

فەرهاد زاید، خەزوری تەقەكەرەكە بە تۆڕی میدیای ئێستای وت، “لە سەردانی ماڵی باوكم بووم كاتێك تەلەفونیان بۆ كردم و وتیان وەرە بەسەر ماڵیاندا داوین”.

فەرهاد خەمی بەركەوتنی ئەندامانی خێزانەكەی بووە و پرسیاری تەندروستییانی كردووە، بەر لەوەی بگەڕێتەوە بۆ ماڵەكەی خۆی. ئەو دەڵێت، “تەقەكەرەكە زاوامە و زۆر ئەزیەتی كچەكەمی داوە و كچەكەشم دەرچووە و داوای یاسایی لەسەر نوسیووە، دوای ئەوەی ئاگاداركردنەوەی دادگای بۆ چووە، ئەو كارەی كردووە”.

ئەژین هاوسەری تەقەكەرەكە باس لەوەدەكات بە درێژایی 9 ساڵی هاوژینییان هاوسەرەكەی “زۆر ئازاریداوە و لەماڵیش دەریكردووە”.

ئەژین بۆ (ئێستا) وتی، “بە هەموو نەوعێك قبوڵمكرد لەگەڵی وتم لەبەر خاتری منداڵەكان، هەر وتم با ڕۆژێك دابێت و ببێتە پیاو، بەڵام هیچ سودێكی نەبوو، زۆر شت هەیە نەمهێشتووە كەس بزانێت، هەتا وایلێهات حاشام لە ماڵی باوكم كرد لەبەر ئەوەی دەموت با نەیزانن كە چۆن لێیدەدام، چۆن خراپەی بەرامبەر دەكردم”.

پێشتریش جارێكی دیكە ئەژین ماڵی جێهێشتووە، بەڵام لەتاو منداڵەكانی گەڕاوەتەوە ماڵەكەی خۆی.

بەپێی زانیارییەكان تەقەكەرەكە دەستگیركراوە. بەپێی یاسای سزادانی عێراقی هەر كەسێك بە هەوڵی كوشتن تەقەبكات بەپێی مادەی 406/ 31 دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ دەكرێتەوە و سزادەدرێت.

هەرێم ڕەفعەت، پارێزەر وتی، ئەگەر ژنێك داوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی بكات بەهۆی زیان پێگەیاندن، واتە ئەگەر پیاوەكە زیانی بە ئافرەتەكە گەیاند و ئافرەتەكەش سەلماندی دادگا بڕیار دەدات بە جیابوونەوە لەو حاڵەتەدا ئافرەتەكە هەموو مافێكی دەكەوێت.

جگە لە دەستگیركردنی تەقەكەرەكە، ئەو ئۆتۆمبێلی كۆكەرەوەی خاشاكەش كە لە ڕوداوەكەدا بەكارهێنراوە دەستی بەسەرداگیراوە.

بابەتی پێشتر

ئەمریکا هێڵەکانی تەلەفۆنی لە کونسوڵخانەی ڕوسیا لە نیویۆرک بڕیوە

بابەتی دواتر

شارەزایەك: سێ ئالنگاری لەبەردەم تێپەڕاندنی بودجەی 2021دان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share