ڕوسیا كوشتنی خەڵك و سوكایەتیكردن بە هەستی ئیمانداران بە نادروست ناودەبات

سەرۆكایەتیی ڕوسیا هێرشەكەی ئەمڕۆی شاری نیس لە فەڕەنسا بە كارەسات ناودەبات و ئیدانەی بڵاوكردنەوەی وێنەی كاریكاتێریی پێغەمبەری ئیسلامیش دەكات.

دیمیتری بیسكۆڤ، وتەبێژ بەناوی كرملین ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، ئەو هێرشەی ئەمڕۆ لە شاری نیس لە فەڕەنسا ڕوویدا كارەساتێكی قێزەونە و ناكرێت خەڵكی بكوژرێت.

لە هەمان كاتدا ئیدانەی بڵاوكردنەوەی وێنەی كاریكاتێریی پێغەمبەری ئیسلامی لەو وڵاتە كرد و بە سوكایەتیكردن بە هەستی موسوڵمانان ناویبرد.

پۆلیسی فەڕەنسا ئەمڕۆ دەستگیركردنی كەسێكی ڕاگەیاند پاش ئەنجامدانی هێرشێك بە چەقۆ لە شاری نیس، كە بووە هۆی كوژرانی سێ كەس و برینداربوونی دوانی تر.

ڕوداوەكە لەكاتێكدایە نزیكەی دوو هەفتە لەمەوبەر پاش وتنەوەی وانەیەك دەربارەی ئازادی ڕادەربڕین و نیشاندانی وێنەیەكی كاریكاتێری لەسەر پێغەمبەری ئیسلام، ساموێڵ باتی كە مامۆستایەكی خوێندنگەی ئامادەیی بوو لە فەڕەنسا، لەلایەن خوێندكارێكی بەڕەگەز چیچانی خۆیەوە سەربڕدرا، دواتریش خوێندكارەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژرا.

ئەو ڕوداوە كاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی فەڕەنسا لێكەوتەوە، لای خۆیەوە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە ئازادی و بەیداخی عەلمانیەت بەرز ڕادەگرین. ئەوەشی وت، “واز لە کاریکاتێر ناهێنین و واز لە وێنە دەستییەکان ناهێنین، ئەگەر ئەوانیدیکەش پاشەکشە بکەن. هەموو ئەو هەلانەی لەسەر شانی کۆمارن بۆ هەموو گەنجانی دەڕەخسێنین بەبێ جیاکاری”.

وتەكانی ماكرۆن نیگەرانی ژمارەیەك لە وڵاتانی ئیسلامی و ڕێكخراو و كەسایەتییە ئیسلامییەكانی لێكەوتەوە و بەهۆیەوە هەندێكیان بایكۆتی شمەكی ئەو وڵاتەیان ڕاگەیاند.

بابەتی پێشتر

پێنج ڕۆژە کارکردن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال بەردەوامە

بابەتی دواتر

سعودیە.. کەسێک دەستگیرکراوە کە بە چەقۆوە هێرشی کردووەتە سەر کونسوڵخانەی فەڕەنسا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share