بە ئەشکەنجە دانپێدانانیان پێکراوە‏
زیندانیانی شیلادزێ: یەكلانەكرێینەوە تا مردن لە مانگرتن بەردەوامدەبین

پێنج لە زیندانیانی بادینان کە خەڵکی شیلادزێن ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی دۆخیان و دانپێدانانەکانیان بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە بە دانپێدانانی ژێر ئەشکەنجە و گۆڕینی ئیفادەکانیان دەکەن سەرەڕای نەبینی پارێزەر و شەڕی دەروونی بەرامبەریان.

لە ڕوونکردنەوەی ئەو پێنج زیندانییەی شیلادزێدا هاتووە، ماوەی هەفتەیەکە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن كردووە و دۆخیان خراپە، ئەگەریش دۆسیەکانیان یەکلایی نەکرێتەوە تا مردن بەردەوامدەبن.

ئاماژە بە ئەشکەنجەی توند و هەڕەشە دەکەن لەکاتی وەرگرتنی دانپێدانان و دواتر گۆڕینی وتەکانیان، لەکاتێکدا کە واژوویان پێکردوون ڕێگەیان پێنەدراوە بزانن چی تێدا نووسراوە.

ئەو زیندانییانە دەڵێن، “ڕێگەمان پێنادەن پارێزەری خۆمان ببینین، شەڕی دەرونیمان لەگەڵ دەکرێت”.

زیندانییەکان جەختدەکەنەوە کە هیچ تاوانێکیان نییە و تەنها تاوانیان جیاوازیی بیروڕا، ڕەخنە و خۆپیشاندانی مەدەنیانە بووە، “ئەگەر یاسا سەروەربێت ئازاد دەکرێین”.

ئەوان داوادەکەن، ڕێگەیان پێبدرێت پارێزەرەکانیان ببینن و ڕۆژی دادگاییکردنیان دیاریبکرێت، هەروەها داوادەکەن نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانیان بکەن بۆ بینینی بارودۆخیان.

دەقی روونکردنەوەکە:

بۆ/ ڕای گشتی

دوای تێپەربونی ساڵێک زیاتر لە رفاندنیان بە شێوازێکی ناشارستانی و نایاسایی، پێنج زیندانیانی بادینان کە خەلکی شێلادزێن ماوەی حەفتەیەکە دەستیان بە مانگرتن کردووە لە خواردن و دۆخیان باش نییە و رونکردنەوە و داواکاریان لە زیندانەوە بۆ رای گشتی دەخەینەروو:

یەکەم: لەسەرەتای رفاندنمان لە لایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە زۆر بە توندی ئەشکەنجدراوین و لەژێر ھەڕەشەو تەعزیبدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێک تاوان پێ کردوین و ڤیدیۆ کراوین و بڵاویشدەکەنەوە.

دووەم: جگە لەوەی رێگەمان پێ نادەن پارێزەری خۆمان ببینن، شەڕی دەرونیمان لەگەڵ دەکرێت.

سێیەم: لەکاتی لێکولینەوەدا گشت وتە و ئیفادەکانمان گۆڕدراون و پێیان ئیمزا کردوین کە نەمان زانیوە چی نوسراوە.

چوارەم: ماوەی حەفتەیێکە دەستمان بە مانگرتن کردوە لە خواردن.

لێرەوە بۆ رای گشتی رادەگەیێنین و داواکارین لە UN، رێکخراوە ناوخۆ و جیھانیەکانی مافی مرۆڤ، میدیاکان، پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسیەکان و گشت خەلکی کوردستان فریامان کەون و دۆخمان زۆر خراپە و داواکارین:

یەکەم: بە زووترین کات رێگە بدەن چاومان بە پارێزەرەکانمان بکەوێت و رۆژی دادگاییکردنمان دیاری بکرێت.

دووەم: نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و یونامی بێن لە نێزیکەوە سەیری دۆخەکەمان بکەن.

ناو و رۆژی رفاندنی چالاکوانە دەستگیرکراوەکان کە تا ئێستا دادگایی نەکراون:

مەحمود ناجی صدیق (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠ کادری گوران

کوڤان طارق جبرائیل (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠

یوسف شەریف ئیبراھیم (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠

ئەمجەد یوسف موستەفا (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠کادری یێکێتی نیشتیمانی کوردستان

نێچیرڤان بەدیع حاجی (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠کادری نەوەی نوێ

بۆ مێژوو و ڕای گشتی تەحەدا دەکەین زیندانیانی شێلادزێ و بادینان یەک تاوانیا نیە و ئەگەر یاسا سەروەرە بێت، دەبێت ئازادبکرێین تەنیا تاوانیان رەخنە و بیرورای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتێکی مەدەنی بوە، بویە تکایە زیاتر سومعەی ھەرێمەکەمان ناشیریتر مەکەن و دەستبەجێ ئازادیان بکەن .

تێبینی: زیندانیانی بادینان پێیان وتین ئەگەر کەیسەکەمان یەکلایی نەکرێت تا مردن لە مانگرتن بەردەوام دەبین.

زیندانیانی بادینان

٢٧ی ٣ی ٢٠٢٢

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەهۆی پێنەدانی مووچەوە بایکۆتی دەوامیان کردووە

بابەتی دواتر

بەم خۆراکانە خۆت لە زەهایمەر و پیربوون بپارێزە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share