ڕێبەری ڕەوتی سەدر سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە دەكات كە بەشداریی دانیشتنەكەی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كرد و دەڵێت، “سوپاس بۆ ئەوانەی لە خۆشەویستیی عێراق بەشداریی دانیشتنەكەیان كرد”، بەڕوونیش باس لە كۆتاییهاتنی سەردەمی تەوافوق دەكات.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتەر پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و ڕایگەیاند، “ئەو پەرلەمانتارانەی بەشداریی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان كرد لە هەڕەشە نەترسان”.
سەدر لەپەیامەكەیدا سوپاسی پەرلەمانتارە بەشداربووەكان دەكات و دەڵێت،” سوپاس بۆ ئەوانەی لە خۆشەویستیی عێراق بەشداریی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان كرد”، بە وتەی خۆی، “سەلمانتان شوێن بۆ پشكپشكێنە نەماوە و چوارشەممەی داهاتوو كاتی لادانی گەندەڵی و پاشكۆیەتی و تەوافوقە”.
بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتارانەوە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار شكستیهێنا و نەتوانرا 220 پەرلەمانتار كۆبكرێنەوە.
قسەی سەدر دژی تەوافوق، لەكاتێكدایە كورد لە عێراقی دوای 2003 بەردەوام دەستی بە بنەمای تەوافوقەوە گرتووە، تا زۆرینە نەتوانێت مافەكانی پێشێل بكات و بتوانێت هاوسەنگی لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەدا ڕابگرێت.