زاناکان نیگەرانن.. دۆزینەوەی پلاستیک لە خوێنی مرۆڤدا

بۆ یەکەمین جار، زانایان گەرد و وردیلەی پلاستیکی لە خوێنی مرۆڤدا دەدۆزنەوە و ئەمەش بووەتەهۆی نیگەرانییان لە تەندروستیی دوورمەودای خەڵک.

بەپێی ماڵپەڕی “سکای نیوز”ی بەریتانی، چەند زانایەکی هۆڵەندی لە زانکۆی “فرێجی” و پەیمانگای پزیشکی لە زانکۆی ئەمستەردام بۆیان دەرکەوتووە، لە کۆی 22 کەسی خۆبەخش بۆ توێژینەوە، 17یان (واتە لە سەدا 77) گەردیلەی پلاستیکیی ورد لە خوێنیاندا هەبووە.

ڕێژەی پلاستیکەکە لە خوێندا نزمبووە و لە هەر میلیلیترێک خوێندا 1.6 مایکرۆگرام بووە، بەڵام زانایان دەڵێن تەنیا هەبوونی ئەم پلاستیکە لە سووڕی خوێندا “مایەی نیگەرانییە” و جەختدەکەنەوە، لێکۆڵینەوەی زیاتری ئەم دیاردەیە پێویستە، تاکو کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دیاریبکرێن.

زاناکان ڕوونیانکردەوە، “ڕەنگە خەڵک ئەم گەردە پلاستکییەیان لەگەڵ هەوادا هەڵمژیبێت، یان قوتیاندابێت و لەو ڕێیەوە چووبێتە سووڕی خوێنەوە”.

هەروەها ئەلیس هۆرتۆن توێژەر لە ناوەندی نیشتیمانیی زانستەکانی ژینگە لە بەریتانیا وتی، “ئەم دۆزینەوەیە مایەی نیگەرانییە، چونکە لە تاقیگەدا دەرکەوتووە ئەو ڕێژەیەی گەردی پلاستیکی و بەو قەبارەیەوە، دەبێتەهۆی هەوکردن و تێکدانی خانەکان. هەروەها دەرئەنجامەکانی ئەم پرسەش هێشتا ڕوون نین”.

گەردی پلاستیک بە ڕێژەیەکی زۆر لە ژینگەدا بڵاوبووەتەوە و دەکرێت لە زیندەوەرە ئاوییەکان و ئاوی خواردنەوە و خاکدا بدۆزرێتەوە.

بابەتی پێشتر

موقتەدا سەدر گەیشتە بەغداد...چێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا

بابەتی دواتر

ئەم خۆراکانە بخۆ و خەمی نەخۆشییەکانی دڵت نەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share