پەرلەمانتارێكی كورد ئاشكرایدەكات، بەزمانی ژمارە، تا ئێستا ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاری پێویست كۆنەكراوەتەوە بۆ بەشداریكردنی لە دانیشتنەكەی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، “دوور نییە دوابخرێت”.
بڕیارە 26ی ئەم مانگە، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامبدرێت و تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لەو نێوەندەدا، هاوپەیمانیی سێقۆڵی، سەدر و پارتی و سوننەكان، لەڕێگەی سەدرەوە هەوڵی تەواوكردنی نیسابی یاسایی دانیشتنەكە دەدەن بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان.
لەو نێوەندەدا سەدر داوای لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ كردووە بەشداریی دانیشتنەكە بكەن و لەبەرامبەردا بەڵێنی دیكەی پێداوون، بەڵام موسەننا ئەمین، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، تاوەكو ئێستا بەپێی زمانی ژمارەكان، ڕێژەی یاسایی بۆ دانیشتنەكەی ڕۆژی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەو دوو لەسەر سێیەی كە پێویستە بۆ دانیشتنەكە، كۆنەكراوەتەوە.
پەرلەمانتارە كوردەكە بەدووری نازانێت، ئەگەر گۆڕانكاریی نوێ لە هاوپەیمانێتییەكان دروستنەبێت، دانیشتنەكەی ڕۆژی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ چەند ڕۆژێكی دیكە دوابخرێت، ئەمە جگە لەوەی هەندێك پێشهات هەن كە لەسەر كاندیدەكان هێشتا یەكلانەبووەتەوە و بۆیە دوای دانیشتنی دادگای فیدراڵیی عێراق ئەو پرسە زیاتر ڕوون دەبێتەوە.
لەبارەی هەوڵەكەی سەدر بۆ ئەوەی ڕێژەی یاسایی دانیشتنەكە بە سەربەخۆكان تەواوبكات، موسەننا ئەمین پێیوایە، سەربەخۆكان هەموویان یەك بۆچوونیان نیە و دابەشبوون، تەنانەت ئەگەر هەمووشیان یەك بۆچوونیان هەبێت، ڕێژەی یاسایی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەكە تەواوناكرێت.
بڕیارە ڕۆژی شەممە 26ی ئازار دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوەبچێت، لەكاتێكدا تا ئێستا كورد لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار ڕێكنەكەوتوون و هەروەها شیعەكانیش، بە هەردوو لایەنی ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگی، لەسەر پێكهێنانی حكومەت و كاندیدی سەرۆك وەزیران رێكنەكەوتوون.