بایدن بۆ سەرۆکی چین: هەر هاوکارییەکتان بۆ مۆسکۆ سزای توندی دەبێت

دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان جۆ بایدن و شی جینبینگ سەرۆکی چین، بایدن سەرۆکی چینی ئاگادارکردووەتەوە ئەگەر پەکین پاڵپشتیی ماددی پێشکەشی مۆسکۆ بکات ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی کۆشکی سپی بڵاویکردەوە هاتووە، سەرۆکی ئەمریکا ئاکامەکانی هاوکاریکردنی مۆسکۆی بۆ سەرۆکی چین ڕوونکردووەتەوە، لەهەمانکاتدا پاڵپشتیی نیشانداوە بۆ هەوڵەکان سەبارەت بە چارەسەری دیپلۆماسی.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، بایدن جەختیکردووەتەوە، “هێرشەکانی سەر ئۆکرانیا هیچ بەهانەیەکی نییە”، هەوڵەکانی وڵاتەکەشی بۆ ڕێگریکردن لەو جەنگە خستەڕوو، لەوانەش سەپاندنی سزا بەسەر ڕوسیادا.

هەردوو سەرۆک ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکانیان لەوبارەیەوە، هەر لەپەیوەندییەکەدا بایدن ئاماژەی بەوەکرد، سیاسەتی وڵاتەکەی سەبارەت بە تایوان نەگۆڕە.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی چین شی جینبینگ سوربوونی لەسەر هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و وتی، “جەنگ لە سوودی هیچ لایەک نییە”.

داواشی لە واشنتۆن کرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکین بگەڕێنێتەوە سەر ڕێڕەوێکی ڕاست و ڕایگەیاند، “پێویستە پەیوەندییەکانیان نەگۆڕێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە”.

جەختیکردەوە، وڵاتەکەی نایەوێت شەڕ لە ئۆکرانیا درێژەبکێشێت.

ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئەمە چوارەم پەیوەندیی نێوان هەردوو سەرۆکە لەدوای دەستبەکاربوونی بایدنەوە، بەڵام پیوەندیی ئەمڕۆیان پەیوەستبووە بە هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا ئەمەش بەهۆی مەترسییەکانی ئەمریکا لە هاوکاریکردنی مۆسکۆ لەلایەن پەکینەوە.

پێشتر چەندین جار ئەمریکا ئەوەی ئاشکراکردووە، کە پەکین بەرپرسیارێتیی ئەنجامی هەر هاوکاریکردنێکی مۆسکۆ لە ئەستۆ دەگرێت، لەهەر کارێک کە بەئامانجی پاڵپشتیی سەربازی، یان ئابوری بەهەر ڕێگایەک لەڕێگاکان بیکات.

بابەتی پێشتر

ئایا ئاژەڵە ماڵییەکان دەتوانن هاوڕێیەکی نمونەیی بن بۆ منداڵان؟

بابەتی دواتر

سلێمانی.. لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا هەشت کەس برینداربوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share