ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیلی ئاشكرایدەكات، هێرشەكەی ئێران دوای ئەوەدێت، كە لە مانگی ڕابردوودا تەلئەبیب هێرشی كردووەتە سەر كارگەیەكی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران و بەسەدانی تێكشكاندووە.
ڕۆژنامەی “هائارتس”ی ئیسرائیلی لەڕاپۆرتێکدا ئاشكرایكردووە، مانگی ڕابردوو تەلئەبیب لە ڕێگەی درۆنەكانیەوە هێرشی كردووەتە سەر كارگە و كۆگایەكی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران و بەسەدانی لێ تێكشكاندووە.
باسی لەوەشكردووە، هێرشەكە لەو كاتەدابووە كە ئێران لە هەوڵی پەرەپێدانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی وڵاتەكەی بووە، تاوەكو دژی ئیسرائیل و لە عێراقیش دژی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا بەكاری بهێنێت.
“لە شەڕی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەكانەوە بۆ موشەكی بالیستی”
ڕۆژنامە ئیسرائیلییەكە ئەوەشی ئاشكرادووە، هەرچەندە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو هێرشی ئەلیكترۆنی لەنێوان وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران بەردەوامی هەبووە، بەڵام بەمدواییانە هێرشەكان بۆ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و خەریكە بچێتە قۆناغی مووشەكی بالیستی-یەوە.
چوار ڕۆژ لەمەوبەر بە 12 مووشەك هێرشكرایە سەر هەولێر، سوپای پاسدارانی ئێران-یش بەرپرسیارێتیی هێرشەكەی لە ئەستۆگرت و ڕایگەیاند، هێرشەكەیان ناوەندێكی ستراتیژیی ئیسرائیلی كردووەتە ئامانج.
ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر بەرپرسانی ئێران هێرشەكەی سەر هەولێریان بە وەڵامدانەوەی هێرشێكی پێشووی ئیسرائیل بۆسەر كارگەیەكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە تەبرێز ناوبرد، كە بەوتەی بەرپرسێكی ئێرانی هێرشەكە لە “كوردستانی عێراقەوە ئەنجامدرا”.
“ئێران لە تۆڵەی هێرشەكەی تەبرێز، ئیسرائیلی كردووەتە ئامانج”
میدیاكانی ئێرانیش لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئاماژەیان بە دوو تەقینەوەی گەورە لە شارەكەدا كرد.
ڕووداوی یەكەم لە 4ی شوباتی ڕابردوو لە بینایەكی سێ نهۆمیدا بوو لە ناوچەی یوسف ئاباد عەباسی لە ڕۆژهەڵاتی تەبرێز.
بەرپرسانی ناوخۆیی ئەوكات ڕایانگەیاند، هۆكاری تەقینەوەكە نەزانراوە و بەهۆیەوە لانیكەم سێ كەس كوژراون و پێنج باڵەخانە زیانیان پێگەیشتووە.
تەقینەوەی دووەمیش لە 8ی ئەم مانگەدا بوو، چەند باڵەخانەیەك لە ناوچەی ئەحمەد ئاباد زیانیان بەركەوت، چوار كەسیش برینداربوون. جارێكی دیكە بەرپرسانی ناوخۆیی وتیان هۆكارەكەی نەزانراوە.
هەروەک دواتریش بەشێک لە میدیاکانی ئێران باسیان لەوەکرد، دەنگەکان بەهۆی بوونی ڕاهێنانی سەربازییەوە بوون کە لەناوچەکەدا ئەنجامدەدرێن.