وەزارەتی دارایی: فرۆشتنی نەوت هەڵەی تێدابووبێت لە كابینەكانی پێشوو بووە نەك كابینەی نۆیەم

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتەكەیان بە هیچ شێوەیەك هیچ بانكێكی ‏سلێمانی و بانكی ناوەندیی هەرێم – سلێمانی ناچارنەكردووە هەموو داهاتی ناوخۆ بدات بە ‏مووچە، دەشڵێت، فرۆشتنی نەوت هەڵەی تێدابووبێت، لە كابینەكانی پێشوو بووە نەك ‏كابینەی نۆیەم.‏

لە ڕوونکردنەوەیەکدا، كە دیار نییە وەزیری دارایی ئاگاداریەتی یان نا، وەزارەتی ناوبراو ‏ڕایگەیاندووە، “وەزارەتی دارایی و ئابوری بە هیچ شێوەیەك هیچ بانكێكی سلێمانی و ‏بانكی ناوەندی هەرێم – سلێمانی ناچارنەكردووە هەموو داهاتی ناوخۆ بدات بە مووچە، ‏بەڵکو ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی ئەولەویەتی داوە بە دابەشکردنی مووچە”، ‏ئەو داهاتەشی كە ماوەتەوە بەكارهاتووە بۆ پێداویستییەكانی تر، وەك ئەوەی وەزارەتی ‏دارایی دەڵێت.‏

هەر لەو ڕوونكردنەوەیەدا، كە وەكو وەڵامێك بۆ ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی ‏بڵاویكردووەتەوە، كابینەی نۆیەم لە سیاسەتی نەوت بێبەری دەكات، دەڵێت، “ئەگەر لە ‏فرۆشتنی نەوت هەڵەیەك هەبووبێت لە كابینەكانی پێشوو بووە، نەك كابینەی نۆیەم”.‏

وەزارەتی دارایی دووبارە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، كە تەنیا بەرپرس و ئاگاداری ئەو بڕە ‏داهاتەی نەوتە، كە مانگانە دەچێتەوە بۆ وەزارەتەكە.‏

ئەو ڕوونكردنەوەیەی وەزارەتی دارایی لە كاتێكدایە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ‏بەهۆی نیگەرانی و ناڕازیبوون، ماوەیەكە نەچووەتەوە سەر كار و هەندێك لە كارەكانی لە ‏سلێمانییەوە ڕاییكردووە، داواشیكردووە گۆڕان كەسێكی دیكە بۆ پۆستەكە دیاریبكات.‏

وەزیری دارایی لەوە نیگەرانە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم زیاتر لە ‏جارێك ڕایگەیاندووە، وەزیری دارایی ئاگای لە تەواوی داهاتی نەوتە.‏

بابەتی پێشتر

ماینز 0-1 دۆرتمۆند

بابەتی دواتر

هەواڵگریی ئەمریكا: 7 هەزار سەربازی ڕوسی لە ئۆكرانیا كوژراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share