بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە رەتیدەكاتەوە گەندەڵی لە تیروپشكی حاجیاندا كرابێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، رەتیدەكاتەوە گەندەڵی لە تیروپشكی حاجیاندا كرابێت.

بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، بە هیچ شێوەیەك تیروپشك بۆ ناوی حاجیان ئەنجامنەدراوە، ئەو تیروپشكەی كە كراوە، بۆ هەڵبژاردنی ناوی كۆمپانیاكانی حەج و عومرە بووە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ‎لە یەكێك لە دەزگا راگەیاندنەكان، دیمانە لەگەڵ خاوەن كۆمپانیایەك كراوە، گوایە گەندەڵی لە تیروپشكی حاجیاندا كراوە، ئێمە لە بەرێوەبەرایەتیی گشتی حەج و عومرە بۆ هەموو لایەك رووندەكەینەوە كە ئەمساڵ بە هیچ شێوەیەك تیروپشك بۆ ناوی حاجیان ئەنجامنەدراوە،‌ ئەو تیروپشكەی كە كراوە بۆ هەڵبژاردنی ناوی كۆمپانیاكانی حەج و عومرە بووە، كە لیژنەیەك لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە بە ئەندامییەتی بەرپرسی نووسینگەكانی حەج و عومرەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بووە و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ هەموو كۆمپانیاكان كردووە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ئەو كۆمپانیایانەی كە شیاوبوون و مەرجەكانی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی كوردستانی تێدا فەراهەم بووە، لە تیروپشك بەشدارییان پێكراوە و ئەوانەی مەرجەكانیان تێدا نەبووە یاخود كەم و كوڕییان هەبووە نەخراونەتە نێو پێشبڕكێی تیروپشكەوە و ئەوانەی ناڕازین ئەوانەن كە دەرنەچوون.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لێرەوە بە مافی خۆمان دەزانین وەكو بەرێوەبەرایەتیی گشتیی حەج وعومڕەی هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر ناوزڕاندی بەرێوەبەرایەتییەكەمان سكاڵای یاسایی لەسەر هەریەك لەو كەسە و خودی ئەو دەزگا راگەیاندنەش تۆماربكەین.

بابەتی پێشتر

مەسرور بارزانی فشارێكی زۆر دەخاتە سەر پێكهاتەكان

بابەتی دواتر

بازنەیی مەلیك مەحمود بە زیاتر لە سێ هەزار گوڵ دەڕازێندرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share