لە 16 ساڵدا، لە 460 پڕۆژەی وەبەرهێنان تەنها چواریان لە هەڵەبجە بوون

لە 16 ساڵدا، لە هەرێمی كوردستان مۆڵەت بە سەدان پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە، بەڵام تەنها چوار پڕۆژەیان بۆ هەڵەبجە بووە.

ئەمڕۆ 3/16، یادی كیمیاییبارانی هەڵەبجەیە، دووبارە قسە و بەیاننامەی زۆر لەبارەی خزمەتكردنی شارەكە بڵاودەكرێنەوە، بەتایبەت لەلایەن بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.

بەڵام بەپێی ئامارێكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاویكردەوە، لەماوەی 16 ساڵی ڕابردوودا مۆڵەت دراوەتە 460 پڕۆژەی وەبەرهێنان، كە بڕەكەیان گەیشتووەتە نزیكەی 38 ملیار دۆلار، بەڵام كەمترینی ئەو پڕۆژانە لە هەڵەبجە جێبەجێكراون.

لە تەواوی ئەو 16 ساڵەی حكومەت و دەستەی وەبەرهێنان باسیانكردووە، تەنها چوار پڕۆژەی وەبەرهێنان لە هەڵەبجە ئەنجامدراون، كە دوو پڕۆژەیان لە سێكته‌ری بازرگانی بوون، پڕۆژەیەک لە سێکتەرى كشتوكاڵ و ئەوەی دیكەشیان وەرزشى بووە.

سەرمایەگوزاریی هەرچوار پڕۆژەكەی هەڵەبجە تەنها 17 ملیۆن دۆلار بووە، لەكاتێكدا بۆ كۆی هەرێمی كوردستان 38 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان تەرخانكراون.

ئەمڕۆ و هاوكات لەگەڵ یادكردنەوەی تاوانی كیمیاییبارانی هەڵەبجە، خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و هاوڵاتییانی شارەكە گلەیی ئەوەیان هەیە وەك پێویست خزمەتی هەڵەبجە نەكراوە، لەكاتێكدا چەند ساڵێكە بڕیاری كردنی بە پارێزگا دراوە.

بابەتی پێشتر

ساڵیادی کیماییبارانی هەڵەبجە.. چۆن نەكرێت بەژێر دروشمەوە؟

بابەتی دواتر

ڕوسیا مووشەکێکی نهێنی دژ بە ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share