ڕاوێژکاری دارایی کازمی: پێشبینی دەکەین داهاتە نانەوتییەکان لە بودجەدا بۆ %25 بەرزببێتەوە

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی مستەفا کازمی، ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی دووەم ئاشکرایکرد پێشبینی دەکەین داهاتە نانەوتییەکان بگاتە %25 لە بودجەی ساڵی داهاتوودا.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاوێژکارەکای کازمی وتی، “پابەند دەبن بە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجومەنی لایەنە ناپەیوەندیدارەکان بە وەزارەت، پەیوەست بە داهاتەکانی دەروازە سنورییەکان و هەناردەکردن”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێستا داهاتە نانەوتییەکان ڕێژەی %6 – 7 ی کۆی داهاتەکانی بودجە پێکدەهێنێت، بەڵام ئەو بڕیارانەی حکومەت دەتوانێت داهاتەکەی بۆ %25ی بەرزبکاتەوە”.

بەپێی لێدوانەکەی ئەو ڕاوێژکارەی کازمی، “زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان لەڕێگەی باج و ڕسومات بەشێوەیەکی دروست، هەروەها ڕێکخستنی داهاتی دەروازە سنورییەکان و گومرگەکان دەبێت”.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەو دامەزراوانەدا کۆبوویەوە کە نەبەستراونەتەوە بە وەزارەت و دەستەکانەوە و تێیدا ڕایگەیاند، “دەبێت دەروازە سنورییە نافەرمییەکان دابخرێن و ڕێگە نەدرێت چیدیکە زیان بەر ئابوری عێراق بگەیەنرێت لەو ڕێگەیەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share