فەرامۆشکردنی دەم و ددان مەترسیی لەسەر تەندروستیی دڵ هەیە

ئەگەر بۆنی دەم و خوێنبەربوون یان ئاوسانی پووکت هەبێت، ئەگەری هەیە تووشی نەخۆشیی دڵ یان کێشەی دەمارەکان ببیت.

بەپێی پێگەی Expressی بەریتانی، توێژینەوەیەکی نوێ ئەو زیانە تەندروستییە ترسناکانەی خستووەتەڕوو کە هۆکارەکەیان فەرامۆشکردنی دەم و ددانە.

هەر لەو توێژینەوەیەدا، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بەردەوام بۆنی دەم یان خوێنبەربوون و هەڵاوسانی پووکیان هەیە، لەبەردەم ئەگەری تووشبوون بە کێشەی دڵ و دەمارەکاندان.

هەروەها توێژەرانی پەیمانگای “ئیستمان” بۆ پزیشکیی ددان لە زانکۆی کۆلیدج لە لەندەن، لێکۆڵینەوەی زیاتریان لە بارەی پەیوەندیی نێوان نەخۆشییەکانی پووک و فشاری خوێندا کردووە.

لە ئەنجامەکانی توێژینەوەکەدا هاتووە، لە کۆی 250 کەسی پێگەیشتوو کە نەخۆشیی پووکیان هەبووە، زیاتر لەبەردەم ئەگەری تووشبوون بە فشاری خوێندابوون، بەراورد بە 250 کەسی پێگەیشتووی دیکە، کە پووکیان تەندروست بووە.

فرانشیسکۆ دیۆتۆ سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، ڕوونیکردەوە: “ئەمە ئاماژەیەکە بەوەی بەکتریای پووک دەبێتە هۆی نەخۆشی و هەوکردنێک دروستدەکات، کە ئەگەری هەیە ئەنجامەکەی بگاتە چەند کێشەیەکی هەناویی هاوشێوەی فشاری خوێن”.

هەروەها دەرکەوتووە ئەوانەی هەوکردنی پووکیان هەیە، تووشی کێشەی بەرزبوونەوەی گلوکۆز و کۆڵسترۆڵی ناتەندروست(LDL) و بەرزبوونەوەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن(hsCRP) بوون، ئەمەش هاوکاتی دابەزینی کۆڵسترۆڵی تەندروست(HDL).

تەندروستیی دەم و ددان پەیوەندیی بە تەندروستیی هەناو و جەستەوە هەیە، بۆیە پێویستە لە ڕۆژێکدا دوو جار، بۆ ماوەی دوو خولەک ددان بە فڵچە بشۆرێت، هەروەها نێوان ددانەکان بە پەتی ددان پاکبکرێنەوە، لەگەڵ سەردانکردنی ماوەماوەی پزشکی دداندا بۆ پشکنین و پاککردنەوەی زیاتر.

زۆربەی جار بەرزبوونەوەی فشاری خوێن لە سەرەتادا نیشانەیەکی ڕوونی نییە، بۆیە ڕەنگە زۆربەی خەڵک نەزانن کە لە داهاتوودا ئەم حاڵەتە کێشەی دڵ و خوێنبەرەکان دروستدەکات.

بابەتی پێشتر

وتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئێستا<BR>ئەمریكا ئامانجی هێرشەكەی سەر هەولێر نەبووە و دژی دەوەستینەوە

بابەتی دواتر

كازمی لە هەولێر شوێنی كەوتنەخوارەوەی مووشەكەكانی بەسەركردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی زۆربوونی هەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵاندا بڵاوکردەوە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، هەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵاندا زۆر بووە و ئەگەر زوو…
Total
0
Share