بۆ ئەوەی دڵت تەندروست بێت ئەم سیستمە خۆراكییە پەیڕەوبكە

لە توێژینەوەیەكی نوێدا كە لەسەر ژمارەیەك دووانەی چونیەك ئەنجامدرا، توێژەرانی زانكۆی پزیشكیی ستانفۆرد لە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەڵێن، گرتنەبەری سیستمی خۆراكیی رووەكی دەبێتەهۆی باشكردنی تەندروستیی دڵ و دەمارەكان لەماوەی كەمتر لە هەشت هەفتەدا.

زانراوە كە خواردنی بڕێكی كەم لە گۆشت، تەندروستیی دڵ و دەمارەكان باشدەكات، بەڵام جیاوازیی بەشداربووان لە توێژینەوەكانی سیستمی خۆراكیدا وەك جیاوازیی بۆماوەیی و پەروەردە و بژاردەكانی شێوازی ژیان، وادەكات بۆ توێژەران دژواربێت ئەنجامێكی یەكلاكەرەوە بەدەستبهێنن.

بەڵام، لەڕێی توێژینەوە لەسەر دووانە هاوشێوەكان، توێژەران توانییان كۆنترۆڵی بۆماوە بكەن و سنوورێكیش بۆ هۆكارەكانی دیكە دابنێن، چونكە دووانەكان لە هەمان خێزاندا پەروەردە بوون و هەمان رێچكەی ژیانیان گرتووەتەبەر.

دەركەوت ئەو منداڵانەی پەیڕەوی سیستمی خۆراكیی رووەكییان كرد بۆ ماوەی دوو مانگ باشبوونێكی زۆر لە ئاستی كۆلیسترۆڵ، ئەنسۆلین و كێشی جەستەیاندا هەیە بەراورد بە برا یان خوشكەكانیان كە سیستمێكی خۆراكیی تەندروست كە پرۆتینی ئاژەڵییان تیابوو پەیڕەو دەكرد.

كریستۆڤەر گاردنەر، مامۆستا بواری پزیشكی لە زانكۆی ستانفۆرد دەڵێت، لەسەر بنەمای ئەو ئەنجامە و بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن، زۆرینەمان سوودمەند دەبین لە پەنابردنەبەر سیستمێكی خۆراكیی زیاتر رووەكی، وەك ئەوەی سایتی زانكۆی ستانفۆرد بڵاویكردووەتەوە.

لە توێژینەوەكەدا، گاردنەر و هاوڕێكانی 22 دووانەی لێكچوویان بەكارهێنا بۆ تاقیكردنەوەی توێژینەوەكەیان پەیوەست بە سیستمی خۆراك لەماوەی نێوان ئایار تا تەمموزی 2022.

هەردوو سیستمە خۆراكییەكەی توێژینەوەكە تەندروست بوون، بڕێكی زۆر سەوزە، پاقلەمەنی، میوە و دانەوێلە تەواوەكانیان تیابوو، لەگەڵ كەمكردنەوەی رێژەی شەكر و نیشاستە پاڵاوتەكان.

لەكاتێكدا سیستمی خۆراكیی رووەكی بەتەواوەتی پشت بە رووەكان دەبەستێت و، هیچكام لە گۆشت یان بەرهەمە ئاژەڵییەكانی وەك هێلكە یان شیری تیانییە. لە بەرامبەردا ئەو سیستمە خۆراكییەی گۆشتی تیایە، لەهەمان كاتدا مریشك، ماسی، هێلكە، پەنیر، شیرەمەنییەكان و ئەودوای ئەو خۆراكانەی سەرچاوەكەیان ئاژەڵە لەخۆدەگرت.

توێژینەوەكە لە 30ی تشرینی دووەم لە گۆڤاری (JAMA Network Open) بڵاوكرایەوە و توێژەران دەڵێن، باشترین ئەنجام لەماوەی چوار هەفتەی یەكەمی گۆڕانی سیستمی خۆراكییەكەدا دەركەوتووە.

ئەو بەشداربووانەی رووەكی بوون، ئاستێكی زۆر كەمی كۆلیستۆڵی چەوریی كەم چڕ (LDL-C)، ئەنسۆلین و كێشێكی كەمیشیان هەبووە، كە هەموو ئەوانە پەیوەندیدارن بە باشبوونی تەندروستیی دڵ و دەمارەكان، بەراورد بەوانەی گۆشتیان خواردووە.

بابەتی پێشتر

لە هەولێر باندێكی ماددەی هۆشبەر دەستگیركرا

بابەتی دواتر

رووداوێکی هاتوچۆ لە سلێمانی روویدا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share