ئاژانسی هەواڵی میهر ڕایدەگەیەنێت، هێرشەكەی شەوی ڕابردووی هەولێر بۆسەر بنكەی موساد بووە و ناوی 9 كارمەندی ئیسرائیلیشی بڵاوكردووەتەوە كە كوژراون یان برینداربوون.
شەوی ڕابردوو هێرشێكی مووشەكی بۆسەر چەند ناوچەیەك لە هەولێر ئەنجامدرا كە بەپێی دژەتیرۆری كوردستان لەڕێی 12 مووشەكی بالیستییەوە بووە.
ئاژانسی هەواڵی میهری ئێران لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراقییەوە بڵاویكردەوە، هێرشەكە ناوەندێكی ڕاهێنانی موسادی ئیسرائیلی لە هەولێر كردووەتە ئامانج.
هەروەك لە زاری هەندێك سەرچاوەی نافەرمییەوە بڵاویكردوەتەوە، ژمارەیەك كەسی سەر بە هێزەكانی ئیسرائیل لە هێرشەكەدا كوژراون یان برینداربوون و ناوەكانی بەمجۆرە دیاریكردوون:
1- ماتیس داتریس، كە كارمەندی سەر بە ئیسرائیلە و لە فڕۆكەخانەی هەولێرە
2- سمیس، كارمەندی سەر بە ئیسرائیلە و لە فڕۆكەخانەی هەولێرە
3- ئادەم بتلر، بەرپرسی هەماهەنگیی هاتوچۆ لە فڕۆكەخانەی هەولێر
4- شاول، فەرماندەی سیستم لە فڕۆكەخانەی هەولێر
5- میلیس ڕۆبەرت، ناسراو بە ئەفتیز، ئیسرائیلیی نیشتەجێی هەولێر.
6- كارمەندێكی پەیوەندیدار بە فڕۆكەخانە
7- جۆنز، یەكێك لە بریكارەكانی فڕۆكەخانە
8- جبریل تكر، ئەندامی موساد لە هەولیر
9- مارك زال، بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی ئابوری
بەڵام لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕەتیکردەوە هیچ بنکە و بارەگایەكی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان هەبێت و ڕایگەیاند، “هیچ بنەمایەکی نییە، ئیسرائیل لەو شوێنە نەبووە وەکو باس دەکرێت، تەنیا کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکای لێیە کە بەشێکی تەواوبووە، ئەو شوێنانەی زیانی بەرکەوتووە شوێنی سڤیلن”.
هاوكات ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویكردووەتەوە دوو ناوەندی ڕاهێنانی موساد لە هێرشە مووشەكییەكەدا كراونەتە ئامانج.
دەڵێت، بەپێی تۆمارە ڤیدیۆییەكان كەوتنەوەی مووشەكێك بۆسەر بنكەیەكی سەربازیی ئیسرائیل لە كاتژمێر 1:20 خولەكی بەرەبەیاندا بووە.