وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، هێرشە مووشەكییەكەی سەر شاری هەولێر بە “ترسنۆكانە” ناودەبات و دەڵێت، پۆلیس و ئاسایش لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و “ڕای گشتی لە ئەنجامەکان ئاگاداردەکەینەوە”.
دوای هێرشەكەی ئەمشەو كە لەڕێگەی چەند مووشەكێكەوە كرایەسەر شاری هەولێر، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “شەوی 12/13-03-2022 پاش کاژێر 01:00ی بەرەبەیان، 12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عێراق، لە ڕۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر کران و ناوچە سڤیلنشینەکانی نزیک بارەگای کەناڵی کوردستان 24 و دەوروبەری بەر هێرشەکە کەوتن”.
وەزارەتی ناوخۆ هێرشەکە بە “ترسنۆکانە” ناودەبات و جەختدەكاتەوە كە “هەولێر ئارامە و هەر بە ئارامی دەمێنێتەوە” و دەشڵێت، “زەرەر و زیانی ماددی بەر باڵەخانە و خانووەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا هاوڵاتییەک بە سووکی برینداربووە”.
لەبارەی ڕێكارەكانی وەزارەتەكە لەبارەی هێرشەكەوە، ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ ئاشكرایكردووە، دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش دەستیان بە لێکۆڵینەوەکان کردووە و “دواتر ڕای گشتی لە ئەنجامەکان ئاگاداردەکەینەوە”.