سەرۆككۆماری توركیا داوای لە پەرلەمان كرد ڕێگەپێدانێكی یەك ساڵی پێبدات بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ ئازەربایجان بەمەبەستی كاركردن لەسەر ئاگربەستی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان.
سەرۆكایەتی توركیا ئەمڕۆ دووشەممە 16ی تشرینی دووەم یاداشتێكی بە واژوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا پێشكەشی پەرلەمان كرد و تیایدا هاتووە، سەربازانی توركیا ئەركی خۆیان لە سەنتەرێكی هاوبەش ئەنجام دەدەن كە توركیا و ڕوسیا پێكەوە دروستیدەكەن لەو شوێنەی ئازەربایجان دیاریدەكات.
بەپێی یاداشتەكە، ئەركی سەربازان لە سەنتەرەكەدا یەكانگیرە لەگەڵ پابەندییەكانی توركیا بەپێی ڕێككەوتنی هاوبەشی ستراتیجی و هاوكاری ئاڵوگۆڕكراوی نێوان هەردوو كۆماری توركیا و ئازەربایجان كە لە 16ی ئابی 2010 واژوكراوە.
سەرۆكایەتی توركیا بۆ پەرلەمانیشی دوپاتكردوەتەوە كە ئەركەكەیان هاوتەریبە لەگەڵ ناوەرۆكی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بنەماكانی ڕێكخراوی ئاسایش و هەماهەنگی ئەوروپا كە جەخت لەسەر یەكێتی خاكی ئازەربایجان دەكاتەوە.
پاش ئەو شەڕەی لە 27ی ئەیلولی ڕابردوو لەسەر هەرێمی قەرەباغ دەستیپێكرد، لە 10ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو هەریەك لە ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ئاگربەستی نێوانیان ڕێككەوتن.
قەرەباغ ناوچەیەکی چوار هەزار و 800 کیلۆمەتریی نێوان هەردوو وڵاتە، دانیشتوانی هەرێمەکە ئەرمەنین و ماوەی 30 ساڵە قوربانی دەدەن لە ناکۆکییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 35 هەزار کەس لەم شەڕە درێژخایەنەدا کوژراون.