مۆدێرنا هیوایەكی بە جیهان بەخشی.. هەرێمی كوردستانیش دڵخۆشە

كۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریكی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 16ی تشرینی دووەم بەكاتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكیدا دڵی جیهانی خۆش كرد و ڕووپەری میدیاكانی جیهانی داگیركرد، ئەویش ڕاگەیاندنی بەرهەمهێنانی ڤاكسینێكی دژە كۆرۆنا بوو، كە كاریگەرییەكەی لەوانەی پێش خۆی زیاترە.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ئاشكرایكرد، ئەوان بە وردیی چاودێریی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دەكەن لە جیهاندا و لەگەڵ عێراقدا پكشی خۆیان لە ڤاكسین وەردەگرن.

“هەرێم پشكی دەبێت لە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا”

دكتۆر ئاسۆ حەوێز، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە لێدوانێكی تایبەتیدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەپاش توندكردنەوەی ڕێنماییەكان و داخستنی خوێندنگاكان پابەندبوونی خەڵك تاڕادەیەك بەخۆپارێزییەوە زیادی كرد و ژمارەی توشبوونیش كەمبووەوە، بەڵام ئومێدی بوونی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا نابێت وا لە هاوڵاتییان بكات واز لە خۆپارێزی بێنن”.

ئاسۆ حەوێز ئاماژەی بەوەشكرد، “حكومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی زۆر بە وردیی چاودێریی پرسی وەبەرهێنانی ڤاكسین دەكات و خۆی لە خۆیدا كە دەبلیو ئێچ ئۆ دەڵێت ‘قۆناغی سێیەمی دۆزینەوەی ڤاكسین قۆناغێكی گرنگە’ ئەوە جێی دڵخۆشییە”.

وەك وتەبێژەكەی ئاماژەی پێكرد، وەزارەتی تەندروستی وەك هیوایەكی دڵخۆشكەر تەماشای هەوڵەكانی كۆمپانیاكانی دەرمان دەكات لە جیهاندا بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا.

سەبارەت بە دەستخستنی ڤاكسینەكە لەلایەن هەرێمەوە وتەبێژی تەندروستیی هەرێم ئاشكرایكرد، “هەر گرێبەستێك بكرێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ دەستخستنی ڤاكسین پشكی هەرێمیشی تێدا دەبێت، بەڵام هیوادارین ئەم قۆناغە هاوڵاتییان ئارام بن و ئەگەر بەرهەمهێنانی ڤاكسین سەركەوتووش بێت ئەوا سەرەتا بەسەر كارمەندانی تەندروستیدا دابەش دەكرێت دواتر ئەو نەخۆشانەی بەساڵاچوون دواتر دەبێتە ماركیتین، بۆیە داوا لە هاوڵاتییان دەكەین بەردەوام بن لە خۆپارێزی”.

“تا ئەو كاتەی هەموو خەڵك ڤاكسینەكە وەردەگرێت پێویستە خۆپارێزی بەردەوام بێت”

لەلایەكی دیكەوە، دكتۆر یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “تا ئەو كاتەی هەموو خەڵك ڤاكسینەكە وەردەگرێت پێویستە خۆپارێزی بەردەوام بێت و نابێت هاوڵاتییان پشتسارد ببنەوە”.

وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، “داوا لە هاوڵاتییان دەكەین كە تا ئەو كاتەی ڤاكسینەكە لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە ئەپروڤ دەكرێت و دەگاتە دەستمان، پاشان هەموو هاوڵاتییان وەری دەگرن هاوڵاتییان خۆیان بپارێزن”.

هەموو ئەو زانیارییانەی لەبارەی ڤاكسینەكەی مۆدێرناوە خراونەتەڕوو

مۆدێرنا دووەم كۆمپانیای ئەمریكییە كە ڕایگەیاندووە، ڤاكسینی بەرهەمهێناوە، ئەوەش لەكاتێكدایە هەفتەی پێشوو كۆمپانیای فایزەر ڕایگەیاند، ڤاكسینێكیان بەرهەمهیناوە كە 90% كاریگەرە، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەوەیە مۆدێرنا ڕایگەیاندووە، “ڤاكسینەكەیان 94.5% كاریگەرە”.

كۆمپانیای مۆدێرنا ئاشكراشیكردووە، 60 ملیۆن دۆز “جرعة”ی ڤاكسینەكە لەمساڵدا ئامادە دەبێت.

هەروەها بەپێی ئەو داتایانەی کۆمپانیای مۆدێرنا خستویەتییەڕوو، “ئەنجامی دوایین تاقیکردنەوەکانمان دەریانخستووە، ڤاکسینەکە 94.5% کاریگەرە لەسەر جەستەی مرۆڤەکان و بەرگرییان دژبە ڤایرۆسەکە دروستدەکات”.

مۆدێرنا ئەوەشی ئاشكراكردووە، ڤاکسینەکەیان لەسەر زیاتر لە 30 هەزار کەسی خۆبەخش تاقیكردووەتەوە و سەرجەمیان هەرسێ قۆناغەکانی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەیان لە پرۆتۆکۆلێکی تایبەتدا هەفتانە بڵاوكردووەتەوە.

ستیڤن هۆگ، سەرۆکی کۆمپانیای مۆدێرنا لەسەر ئەو پرسە ڕایگەیاند، “کۆمپانیاکەمان ڤاکسینێکی دەبێت کە توانای ڕاگرتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای هەیە”.

لە شیكارییەكانی مۆدێرنا دەركەوتووە، 95 كەس لەنێو ئەو كەسانەی خۆبەخشانە بەشداربوون لە تاقیكردنەوەكەدا توشبوون، ئەویش ئەو كەسانە بوون كە ڤاكسینی وەهمی “ناڕاست”یان دراوەتێ، بەڵام بە پێچەوانەوە تەنها پێنج كەس لەوانەی توشبوون كە ڤاكسینە ڕاستییەكەیان دراوەتێ، كە دووجار بە ڤاكسینەكە كوتراون كە 28 ڕۆژیان نێوان بووە.

شارەزایانی بەرگریی لەش لە جیهاندا، ڕایانگەیاندووە، بوونی ڕێژەیەكی زۆری ڤاكسین و چەند جۆرێك جێی دڵخۆشییە و هاوكار دەبێت بۆ ئەوەی ژیان بگەڕێتەوە دۆخی جارانی لە ساڵی 2021دا، وەك ڕۆیتەرز ئاماژەی پێكردووە.

ئەوەی مۆدێرنا جیادەكاتەوە لەوانی دیكە

یەكێك لەو تایبەتمەندییانەی لەبارەی ڤاكسینەكەی مۆدێرنا خراوەتەڕوو ئەوەیە، پێویستی بە ڕێژەیەكی زۆر لە ساردی نییە لەكاتی هەڵگرتنیدا، كە ئەوەش وا دەكات پرۆسەی دابەشكردنی ئاسان بێت.

ڤاكسینەكەی مۆدێرنا، وەك كۆمپانیاكە پێشبینی كردووە، لە پلەی نێوان دوو بۆ هەشت پلەی سەدیدا دەتواندرێت بۆ ماوەی 30 ڕۆژ هەڵگیرێت و لە پلەی -20یشدا دەتواندرێت بۆ ماوەی شەش مانگ هەڵگیرێت.

بەڵام ڤاكسینەكەی فایزەر، دەبێت لە پلەی گەرمای 70ی ژێر پلەی سەدی هەڵگیرێت.

“ڤاكسینەكە كۆتایی بە كۆرۆنا ناهێنێت”

لای خۆیەوە پاش ڕاگەیەندراوەكەی مۆدێرنا، سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە تویتەرەكەیەوە ڕایگەیاند، “ڤاكسین بە تەنها كۆتایی بە كۆرۆنا ناهێنێت، بەردەوام پێویستمان بە چاودێری، پكشنین و كەرەنتین و چاودێریی حاڵەتەكان، شوێنكەوتن و بەندكردنی سنوورداركردنی پەیوەندییەكان و هاندانی هاوڵاتییان بۆ خۆپارێزی”.

بابەتی پێشتر

كازمی لەنێوان ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ هەرێم و یاسای قەرز تیاماوە

بابەتی دواتر

ڕوداوێكی هاتوچۆ لە دهۆك پێنج قوربانی لێكەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لیژنەكەی نوێنەران توركیای بە داگیركاری تۆمەتباركردووە، داوا دەكات لە ئەنجومەنی ئاسایش سكاڵا تۆماربكرێت

ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق سەردانی ناوچە سنورییەكانی كرد، لە ڕاپۆرتەكەیدا هێرشەكانی توركیای بە داگیركارانە ناوبردووە، داوای كردووە حكومەت…
Total
0
Share