بڕیاری داخستنی دەروازە نافەرمییەكان هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە؟

پاش بڕیاری كازمی بە داخستنی دەروازە نافەرمییەكانی عێراق، بەڕێوبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، هیچ بڕیارێكی لەو جۆرەیان پێنەگەیشتووە و “لە هەرێمی كوردستان خاڵی سنووری نافەرمی بوونیان نییە”. 

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 16ی تشرینی دووەم لە لێدوانێكی تایبەتیدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هیچ فەرمان و بڕیارێكی لەو جۆرەمان بەدەستنەگەیشتووە، كە باس لە داخستنی خاڵی سنووری بكەن”.

سەبارەت بە ژمارەی دەروازە سنوورییە نافەرمییەكانی هەرێم، ساماڵ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەكرد، “لە هەرێمی كوردستان نۆ خاڵی سنووری هەن چواریان نێودەوڵەتین و پێنجی دیكەیان نانێودەوڵەتین، ئەو نانێودەوڵەتییانەن كە حكومەتی عێراق بە نافەرمی ناویان دەبات”.

بەڕێوبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، “سەرجەم خاڵە سنوورییەكانی هەرێم لای حكومەتی هەرێم فەرمین و سەرجەم دامەزراوە پێویستەكانیان تێدان، بەڵام حكومەتی عێراق دانی پێدا نەناون و بە نافەرمی ناوی بردوون”.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەڕێوبەری گشتیی گومرگ ئاشكرایكردن، ئەو پێنج خاڵە سنوورییەی كە نێودەوڵەتی نین بریتین لە “پشتە، تەوێڵە، سەیرانبەن، كێلێ و فیشخاپوور”.

لە كۆبوونەوەیەكدا ئەمڕۆ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “دەبێت دەروازە سنورییە نافەرمییەکان دابخرێن و ڕێگە نەدرێت چیتر زیان بە ئابوریی عێراق بگەیەندرێت لەو ڕێگەیەوە”.

هەروەها بۆ ئەو مەبەستە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی ڕاسپارد بۆ داخستنی هەموو دەروازە سنوورییە نافەرمییەکانی عێراق.

بابەتی پێشتر

سێ سەرۆكایەتییەكە و كۆمسیۆن و یۆنامی لەسەر ڕێوشوێنەكانی هەڵبژاردن كۆبوونەوە

بابەتی دواتر

كازمی لەنێوان ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ هەرێم و یاسای قەرز تیاماوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share