مەلا بەختیار دەڵێت، یەكێتیی داینەمۆی ڕاپەرین بوو و نەوشیروان مستەفا نەخشەكەی دانا، ڕەخنەش لە دەرەنجامەكانی ڕاپەڕین و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان دەگرێت.
لە ساڵڕۆژی ڕاپەرینی شاری سلێمانیدا، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند، “بۆ مێژوو باسیدەكەم، چەند مانگێك بەر لە ڕاپەرین، كاك ملازم عومەر دەچێتە لای مام جەلال لە دیمەشق و دوایین گۆڕانكارییەكان تاوتوێدەكەن، مام جەلال بە كاك ملازم عومەر دەڵێت، پێشبینیی ڕووداوێك لە ناوچەكە دەكات و داوا لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەكات شەش مانگ مۆڵەتی بدەن و هیچ هەنگاوێك نەنێن، ئەوەش بە نامەیەك بۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەنێرێت”.
مەلا بەختیار ئاشكراشیكرد، “بەر لە داگیركردنی كوەیت هیچ كەسێك بیری لە ڕاپەرین نەكردبووەوە و دوای ئەو ڕووداوە دەروازەكە كرایەوە، بەرەی كوردستانی تەبەنیی ڕاپەڕینی كرد، بەڵام یەكێتیش داینەمۆی ڕاپەڕین بوو و نەوشیروان مستەفا نەخشەی ڕاپەڕینەكەی دانا”.
ڕەخنەشی لە حوكمڕانیی دوای ڕاپەڕین لە هەرێمی كوردستان گرت، ڕایگەیاند، “ڕاپەرین بۆ ئەوەیە خەونی گەلان بەدیبهێنرێت، بۆ ئەوە نەبووە حكومەت بگۆڕێت و وەكو ئێستا ناڕەزایی هاوڵاتییان بەرامبەر حكومەت زیادبكات، ئەگەر تێبینی بكەین هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن دەنگی سەرجەم لایەنەكان كەمدەكات و گەیشتووەتە ڕادەیەكی ترسناك”.
مەلا بەختیار پێشیوایە، “ئێستا هەرێمی كوردستان دووچاری چەندین كێشەی هەڵپەسێردراو بووە، ناڕەزایی بەرفراوان بەرامبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە وامانلێهاتووە خاوێننەكردنەوەی گەڕەك و شەقامەكان و دابەشكردنی مووچە بوونەتە ڕووداو لەكاتێكدا ئەركێكی سروشتیی حكومەتە”.