ئاوی دەوروبەری سلێمانی: لە دەربەندیخان کێشەی کەمئاوی نییە و خەڵک بەبێ هۆ پێوەر ‏ڕەتدەکەنەوە

چەمچەماڵ لە بەستنی پێوەری زیرەكی ئاو بەخشرا، بەو پێیەی بەدەست كەمئاوییەوە ‏دەناڵێنن، خەڵكی دەربەندیخانیش بەهەمانشێوە بەستنی پێوەری زیرەكی ئاو ڕەتدەكەنەوە، بە ‏بیانووی ئەوەی كەمئاون، بەڵام بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی پێیوایە، ئەو ‏هۆكارانە لە دەربەندیخان بوونی نییە تا وابكات پێوەری زیرەكیان بۆ نەبەسترێت.‏

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، بەختیار تاهیر بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری ‏سلێمانی ڕایگەیاند، “50%ی خەڵکی دەربەندیخان ئەو پێوەرەی بۆ ئاو دانراوە، ‏ڕەتیدەکەنەوە و داوای دەرکردنی کۆمپانیاکەش دەکەن لە شارەکە، لەکاتێکدا هیچ ‏کێشەیەکی ئاو لە دەربەندیخان بوونی نییە”.‏

بەرپرسەكەی ئاوی دەوروبەری سلێمانی وتی، خەڵکی ئەو قەزایە باس لەوە دەکەن ‏ئاوەکەیان پیسە و شیاونییە بۆ خواردنەوە، هەروەها کێشەی کەمئاوییان هەیە، “بەڵام هیچ ‏بەڵگەیەک نییە لەسەر پیسی و نەشیاویی ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە، لەسەرجەم ‏تێستەکانی خۆپاراستنی سلێمانیدا دەرکەوتووە شیاوە بۆ خواردنەوە”.‏

بەختیار تاهیر وتی، “نزیکەی 50%ی دانیشتووانی دەربەندیخان پێوەری زیرەكی ئاویان ‏بەستووە، بەڵام هەندێکیان لێیانکردووەتەوە و ناڕازین، یاداشتێکیان داوەتە ‏بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی قەزاکە بۆ دەرکردنی کۆمپانیای جێبەجێکار لە دەربەندیخان”.‏

هەر ئەمڕۆ لەبارەی هەمان کێشەوە کە لە چەمچەماڵ هەیە، ئەنجومەنی پارێزگای ‏سلێمانی، بەئامادەبوونی قائیمقامی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ و نوێنەری ‏کۆمپانیای “گرنگ” کە سەرپەرشتیی بەستنی پێوەری زیرەک دەکات، بڕیار لەبارەی ‏پێوەری زیرەک لە چەمچەماڵ درا.‏

بەپێی بڕیاری نوێ، لە قەزای چەمچەماڵ پێوەری ئاو نابەسترێت، بەهۆی ئەوەی کێشەی ‏کەمئاوییان هەیە و تەنانەت لە وەرزی زستانیشدا كێشەكە بەردەوامە، بۆیە بە شێوەیەكی ‏تایبەتمەند مامەڵە لەگەڵ قەزاکە دەکرێت.‏

بابەتی پێشتر

پۆلیسێک یاریی نێوان ڕیاڵ و پاریس بەڕێوەدەبات

بابەتی دواتر

گەرمیان.. بەهۆی سێ ڕووداوی هاتوچۆوە هەشت كەس برینداربوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share