بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێشهاتێكی مەترسیدار قوڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی دەكەین

سەرۆكی یەكێتی نیگەرانی لەبارەی بۆردومانەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەردەبرێت و دەڵێت، پێشهاتێكی مەترسیدار قوڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی دەكەین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، ‌‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، بەنیگەرانییەكی زۆرەوە لە بۆردومانەكانی ئەمڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان دەڕوانین كە چەندین شەهید و برینداری لێكەوتووەتەوە و دەیان خێزانیش ئاوارەبوون. ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قووڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی دەكەین.

‌‎بافڵ جەلال تاڵەبانی دەشڵێت، “هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنووربەزاندنە نییە و مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێم و عیراق. داواكارین خاكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسی و سەربازییەكان بەكارنەهێنرێت و هاووڵاتییان نەكرێنە قوربانیی ململانێكان. داواكارین هەموولایەك خۆڕاگربن و گفتوگۆ بكەنە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان”.

سەرۆكی یەكێتی داواش لە حكومەتی عێراق دەكات ‌‌ئەرك و بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی خاكی عێراق و هەرێم جێبەجێ بكات و “سەروەریی وڵات بپارێزێت و ڕێگری لە پێشێلكاری و چەندبارەبوونەوەی هێرشەكان بكات”.

‌‎هەروەك وێڕای گەیاندنی پرسە و هاوخەمی قووڵ بۆ كەسوكاری شەهیدان و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆمان، هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەكانمان ڕاسپاردووە بە دڵسۆزییەوە ئەركەكانیان ڕابپەڕێنن و لەخزمەت هەموواندا بن.

لە كۆتاییشدا سەرۆكی یەكێتی دووپاتیدەكاتەوە، “‌دەمەوێت هەموولایەك دڵنیابكەمەوە بەئامانجگرتنی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی سەقامگیریی خاكەكەمان هەرگیز لەیادناكەین و ڕشتنی خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بڕیار رەشید: ناردنی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ساڵ پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ناردنی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ساڵ پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە و…
Total
0
Share