وتەبێژی حکومەتی هەرێم: بەمزوانە شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 16ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند کە پەسەندکردنی یاسای قەرز لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەچێتە خانەی سزادان و موزایەدەی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە و بەمزوانەش شاندی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جوتیار عادل ڕایگەیاند، “ئێمە ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە کە لە بەرواری 15ی ئابدا واژوومان کردووە، بۆیە هارکاتێک حکومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیەی لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە ڕەوانە بکات وەزارەتی دارایی ڕاستەوخۆ موچە دابەشدەکات”.

ڕاشیگەیاند، “بەمزوانە شاندی حکومەتی هەرێم بۆ دانوستان سەردانی بەغداد دەکات و لەماوەیەکی نزیکیشدا ئەندامانی شاندەکە و کات و ساتی سەردانەکەیان ئاشکرا دەکەین”.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتیشی، “هەرێمی کوردستان سەرجەم بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکانی ڕێککەوتن و سەردانەکانی بۆ بەغداد لەبەردەستدایە و ئامادەین هەرکاتێک پەرلەمان کۆببێتەوە ئامادەی دانیشتنەکەبین و بەڵگەکان بخەینەڕوو”.

هەروەها دەڵێت، “ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا دەچێتە بواری سزادانی سیاسی و موزایەدەی سیاسییەوە دژ بە هەرێمی کوردستان”.

سەبارەت بە وتەکانی ئەحمەد مەلا تەڵاڵ کە لە چاوپیکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە و ڕونکردنەوەی لەبارەی 320 ملیارەکەی هەرێم دابوو، وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەکرد کە قسەکانەی هەموو ڕاستن و بێگومان ئەمە ئیلتیزامێکە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداد.

بابەتی پێشتر

 هێمن هەورامی: بڕیاری پەرلەمانی عێراق لەبارەی پشکی هەرێم شۆفێنیانە بوو

بابەتی دواتر

له‌سه‌ر سكاڵای هاوڵاتیان قائیمقامیەتی سلێمانی بەهانای سەگێکەوە دەچن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share