پاش هێرشكردنە سەر ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە، دامەزراوە جیهانییەکانی سینەما، بایکۆتی نماییشکردنی کارەکانیان لە ڕوسیا دەکەن و پڕۆژە سینەماییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ڕادەگرن.
هەریەک لە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی کان، ئەکادیمیای فیلمی ئەوروپی، کۆمپانیاكانی نێتفلیکس، واڵت دیزنی، سۆنی و وارنەر ، کە دامەزراوەی گەورەی بەرهەمێهێنای فیلمن، پڕۆژە سینەماییەکانیان و نماییشی فیلمە نوێیەکانیان لە ڕوسیا ڕادەگرن.
لە چەند ڕۆژی پێشوودا فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کان، ڕایگەیاند، پێشوازی لە هیچ پڕۆژەیەکی فەرمیی سینەمایی ناکات، کە پەیوەندیی بە کریملینەوە هەبێت. هاوکاتیش، نێتفلیکس سەرجەم ئەو پڕۆژانەی نماییشكردن و بەرهەمهێنانی ڕاگرت، کە پەیوەندییان بە وڵاتی ڕوسیاوە هەیە.
هەروەها کۆمپانیاکانی واڵت دیزنی، سۆنی و وارنەر، کە هەریەکیان فیلمی نوێی گرنگ و چاوەڕوانکراویان بۆ ماوەی داهاتوو هەیە، وەک فیلمە نوێیەکەی باتمان، کە لە بەرهەمهێنانی ستودیۆکانی وارنەرە و پێشبینی دەکرێت پڕبینەرترین فیلمی ساڵ بێت، بڕیاریان داوە هیچکام لە بەرهەمەکانیان لە ڕوسیا نماییش نەکەن و پێشبینی دەکرێت ئەم هەڵوێستە، سەرجەم ستۆدیۆ و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی هۆلیود بگرێتەوە.
هاوکاتیش، ڕۆژی سێشەممە ئەکادیمیای فیلمی ئەوروپی (EFA)، بڕیاری بایکۆتکردنی فیلمە ڕوسییەکانی دا و ڕایگەیاند، کە “چووەتە پاڵ ئەو سزا نێودەوڵەتییە گەورانەوە کە لە ئێستادا بەسەر ڕوسیادا سەپێنراون” و “بە تەواوەتی پشتگیریی داخوازییەکەی ئەکادیمیای فیلمی ئۆکرانی دەکات”، لە بایکۆتکردنی فیلمی ڕوسیدا.
هەموو ئەمە، لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک پاش هێرشكردنە سەر ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە، ئەکادیمیای فیلمی ئۆکرانی داوایەکی کراوەی بڵاوکردەوە، بۆ بایکۆتکردنی ڕوسیا لەلایەن ناوەندە سینەماییەكانەوە.
ئەو بایكۆتە سینەماییەی سەر ڕوسیا، هاوكاتە لەگەڵ سزا ئابورییەكانی سەر وڵاتەكە، جگە لە هەڵوێستە سیاسییەكانی زۆربەی وڵاتانی جیهان بەرامبەر بە مۆسكۆ.