بەرپرسانی خۆرئاوا سەبارەت بە دانوستانەکانی ڤیەننا: لەلێواری مەرگدایە

گفتوگۆکانی ڤیەننا سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی

بەشێک لە بەرپرسانی ئەوروپا و ئەمریکا دان بەوەدا دەنێن کە دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە شکستەوە نزیکە و دەلێن، ” ناکۆکییەکانی گفتوگۆکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەردەوامە و دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەلێواری مەرگدایە، بەڵام تائێستاش خۆرئاوا لە هەوڵی گەیاندنی ئەو دانوستانانەدایە بە ئەنجامێکی ئەرێنی”.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری ئەو بەرپرسە خۆرئاواییانەوە بڵاویکردەوە، خۆرئاوا تاڕادەیەکی زۆر هیواکانی بەو دانوستانانە لەدەستداوە، کە لە ساڵی 2015دا لەنێوان ئەمریکا، ئێران و بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ڕوسیا و چین واژووکرا.

ئەو چوار بەرپرسە بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، هیواکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ونبوون دەچێت.

ئاماژەیان بەوەکردووە، وڵاتانی خۆرئاوا هێشتا هەوڵەکانیان بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە نەخۆشە بەردەوامە هەرچەندە هیواکانیش زۆر کەمبن.

یەکێک لەو بەرپرسانە دەڵێت، سووربوونی تاران لەسەر ئەوەی ئەمریکا سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت و ڕەتکردنەوەی پلانی کاری هاوبەش سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە دانوستانەکان دەگەیەنێتە کۆتاییەکی بێ ئەنجام.

سەبارەت بەوەی ئایا ڕێککەوتنەکە مردووە؟ بەرپرسە خۆرئاواییەکان ڕایانگەیاندووە، کە نە وڵاتانی خۆرئاوا و نە ئێرانیش ئەوە نازانن بەڵام ئەگەری زۆرە.

دانوستانەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ناو ڕێککەوتنەکەی 2015 (فەرەنسا، بەریتانیا، چین، ئەڵمانیا و ڕوسیا) هەروەها ئەمریکا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە نیسانی ساڵی 2021ـەوە لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا دەستیپێکردووە، لە 11ی ئازاری ڕابردووەوە دوای گەیشتنی بە قۆناغەکانی کۆتایی گفتوگۆکان ڕاگیراون، تائێستا هەندێک مەرج و خاڵی ڕێککەوتن بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

بابەتی پێشتر

شانەی ئەمنی: هێزەئەمنییەكان ڕاسپێردراون دەستكراوەبن لە سنووری شەنگال

بابەتی دواتر

ڕەمەزان قادیرۆڤ ھاوپەیمانێکی بەھێز بۆ پوتین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share