حزبێكی هەرێم: نابێت حكومەت دەستەوەستان بێت لە دابینكردنی موچە

بەرپرسێكی باڵای بزوتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، نابێت حکومەتی هەرێم دەستەوەستان بووەستێت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران.

ئەمڕۆ یەكشەممە 15ی تشرینی دووەم لە ڕاگەیەندراوێكدا، کامیل حاجی عەلی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاندووە، “لەبارەی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق سەربارەت بە موچە و بودجەی هەرێم، پێمانوایە ئەگەر بە ڕای زۆرینە و کەمینە بڕیارەکان لە پەرلەمانی عێراق بخوێندرێنەوە هەرگیز کورد هیچی دەست ناکەوێت و دەبوایە وەزیرە کوردەکان بەشداری ئەوەیان نەکردبایە کە ڕەزامەندی بدەن لەسەر پڕۆژەیاسای قەرز و پێشتر دەبوایە بپرسن سوودی ئەم قەرزەی دەکرێت بۆ فەرمانبەرانی هەرێم چییە”.

ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی ئیسلامی دەشڵێت، “سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە گشتی دەکەین کە بە یەکدەنگ هەڵوێستیان هەبوو دژی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئەوەشدا پێم سەیرە ڕێكکەوتنی نێوان هەولێرو بەغداد بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ کە پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو بۆچی هەڵوەشایەوە و جێبەجێ نەکرا؟، لەکاتێکدا سەرۆکی حکومەتی عێراقی ڕەزامەندی لەسەردابوو، هەروەها حکومەتی هەرێمیش بۆ هەمان مەبەست چەند جارێک سەردانی بەغدادیان کرد”.

“بەداخەوە پەرلەمانی عێراقی عەرەبی بەپێی دەستوور مامەڵەیان نەکرد و سیاسەت بەرامبەر کورد پەیڕەو دەکەن، ئێمە پێمانوایە حکومەتی هەرێم دەبێت لەگەڵ بەغداد ڕێکبکەوێت گەرنا پێویستە خۆی موچەی فەرمانبەران و بودجە دابینبکات، ئەو هەموو ساڵ و مانگە بۆچی هاوڵاتییانی هەرێم ڕیسوابکرێن، بەداخەوە پێویستە کێشەی موچەی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت”، وەك كامیل حاجی عەلی ئاماژەی پێكردووە.

ئەوەشی وتووە، “ئێستاش درەنگ نییە پێویستە هەرچی زووە جارێکی تر گفتوگۆکان بۆ چارەسەری ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەستپێبکەن و سەرۆککۆمار و بەرپرسانی کورد لە بەغدا بێنە ناو پرسەکە و لەگەڵ حکومەتی عێراقی ڕێکەوتنێک ئەنجام بدەن، بۆیە دووپاتی دەکەینەوە گەر هەرێم لەگەڵ بەغداد لەسەر پرسی موچە و بودجە نەگەیشتنە ڕێکكەوتن ئەوا نابێت حکومەتی هەرێم دەستەوەستان بوەستێت و موچەی فەرمانبەران دابین بکات”.

كامیل حاجی عەلی باسیلەوەشكردووە، “لە عێراقدا هیچ شتێک لە ئارادانییە بەناوی شیعە و سونە بەرامبەر کورد، بەڵکو ئەوانەی لە بەغداد دژایەتی کورد دەکەن شۆڤێنین و هەر ئەوەش سیاسەتیانە و هەروا فێربوون پێموانییە ئەمانە بەو جۆرە مافی کورد بدەن، لە کاتێکدا بە پێی دەستوور کورد دووەمین پێکهاتەیە لە عێراق، نابێت بە سیستمی زۆرینە و کەمینە مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت و کورد مافی خۆیەتی موچە و بودجەی لە عێراق هەبێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “مەسەلەی نەوت و داهاتی هەرێمیش پێویستە کورد بەپێی دەستوور لەگەڵ عێراق ڕێکبکەوێت، چەند ساڵە ئەم کێشانە بەردەوامن خۆ دەبێت ئێستا ئەم کێشانە چارەسەر بن بۆ ئەوەش دەبێت کورد لەمەودوا بە یەک دەنگ و هەڵوێست رووبەڕووی کێشەکان لەگەڵ عێراق ببنەوە”.

بابەتی پێشتر

هواوی بە بەرهەمێكی نوێ جیهانی مۆبایلە زیرەكەكان دەگۆڕێت

بابەتی دواتر

ورده‌كاریی حساباتی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق له‌ زاری وته‌بێژی كازمییه‌وه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share