وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە ئەمریكا و هاوپەیمانان دەكات گوشار لە عێراق بكەن بۆ پێكهێنانی ئەو دوو لیوا هاوبەشەی بڕیارە لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان پێكبهێندرێـت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ جەنەڕاڵ فلیپس، گەورە ڕاوێژكاری هێزەكانی ئەمریكا و كۆلۆنێل دۆگڵاس، لێپرسراوی تیمی هاریكاری ئاسایشی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پاراستنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان تاوتوێكرا، ڕاوێژكاری سەربازیی ئەمریكاش، ستایشی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد لەسەر پاراستنی تەواوەتی ناوچە سنوورییەكان و پاڵپشتی و پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە.
سەبارەت بە پێكهێنانی دوو لیوا هاوبەشەكەی بڕیارە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێكبهێنرێت، وەزارەتی پێشمەرگە داوای لە بەرپرسانی ئەمریكا و هاوپەیمانان كرد گوشار بخەنەسەر عێراق بۆ تەواوكردنی كارەكانیان و دەستبەكاربوونی ئەو دوو لیوایە هاوبەشە تاوەكو ڕۆڵبینین و بەرپرسیارێتی لەناوچانە لە ئەستۆبگرن كە بۆشایی ئەمنییان هەیە.