خاوەندارێتیكردنی 1900 كڵاوەی ئەتۆمی
چی لەبارەی ڕێككەوتنی بۆدابێستەوە دەزانیت؟

دووكەڵ لە بنكەیەكی بەرگریی ئاسمانی ئۆكرانیا بەرزدەبێتەوە فۆتۆ: Evgeniy Maloletka/AP

لەو وتانەی سەرەتای هەفتەی ڕابردوو پێشكەشیكرد، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە ئەگەری گەڕانەوەی وڵاتەكەی بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆم لەڕێی كشانەوە لە یاداشتی بۆدابست لەكاتێكدا ئەگەر زامنی ئاسایشی وڵاتەكەی نەكرێت.

وتەكانی زیلینسكی لەمیانەی كۆنگرەی ئاسایشی میونخ-دا بوو كە شەممەی ڕابردوو ئەنجامدرا، تیایدا داوای وتوێژی لەگەڵ مۆسكۆ كرد و وتی، “ئەگەر (وتوێژ) ڕوونەدات یان ئەنجامەكانی ئاسایشی وڵاتەكەمان نەهێنێتەدی، ئۆكرانیا مافی ئەوە دەبێت ڕێككەوتنی بۆدابێست بە لەكاركەوتوو دابنێت”.

ئەم وتانە بیانوی دایە مۆسكۆ تا زنجیرەیەك تۆمەت ئاراستەی كیێڤ بكات، دواهەمینیان لەسەر زاری سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگریی ڕوسیا بوو كاتێك دووشەممەی ڕابردوو وتی، كیێڤ پلان بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆم دادەنێت.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕوسیا هەمان تۆمەتی دووپاتكردەوە لە وتارەكەی دووشەممەدا و وردەكاریی زیاتریشی لە كۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی سێشەممە خستەڕوو.

پوتین وتی، بەهۆی پاشخانی پێشووی سۆڤیەت بۆ ئۆكرانیا “هیچیان كەم نییە جگەلە سیستمی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵام ئەمە تەنها پرسێكی تەكنیكییە و كێشەیەك نییە چارەسەرنەكرێت”.

كیێڤ دەتوانێت، وەك ئەو وتی، پەرە بە چەكی ئەتۆمی بدات و مەودای مووشەكەكانی زیادبكات تا دەگاتە 500 كیلۆمەتر و ئەوەشی وت، “مۆسكۆ لەناوچەی لەناوبردندا دەبێت. سەبارەت بە ئێمە ئەوە هەڕەشەی ستراتیژییە”.

بەڵام ئۆكرانیا بەهیچ جۆرێك باسی لە خواستی ئەتۆمیی خۆی نەكردووە، بەڵكو سەرۆكەكەی ئاماژەی بە ڕێككەوتنی ساڵی 194 كرد دەربارەی چەكی ئەتۆمی كە بە (ڕێككەوتنی بۆدابێست) ناسراوە و وتی، وا دەردەكەوێت زەمەن خستبێتیە خانەی بیرچووانەوە.

ڕێككەوتنی بۆدابێست
لە ساڵی 1994 ڕوسیا، ویلایەتە یەكگرتووەكان و بەریتانیا ڕێككەوتنانەی بۆدابێست-یان واژووكرد كە “سەربەخۆیی و سەروەری و سنوورە دیاریكراوەكانی ئۆكرانیا” لەخۆدەگرێت، لە بەرامبەر ڕەزامەندی كیێڤ بۆ وەلانانی سەرجەم چەكە ئەتۆمییەكانی سەردەمی سۆڤیەت لەسەر خاكەكەی.

بەپێی ڕێككەوتنەكە “یەكێتیی ڕوسیای فیدراڵ، بەریتانیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان جارێكی پابەندییەكانیان دووپاتدەكەنەوە بەرامبەر ڕێگری لە هەڕەشە یان بەكارهێنانی هێز دژ بە یەكێتی خاك یان سەربەخۆیی سیاسیی ئۆكرانیا و، هیچكام لە چەكەكانیان دژ بە ئۆكرانیا بەكارنایەت، جگەلە حاڵەتەكانی بەرگری یان بە سازانی لەگەڵ یاساكانی نەتەوە یەكگرتووەكان”.

ئەم دووپاتكردنەوانە ڕۆڵی سەرەكییان هەبوو لە ڕازیكردنی حكومەتی ئۆكرانیا لە كیێڤ بۆ وازهێنان لە سێیەم گەورە توانای ئەتۆمی لە جیهاندا، كە خۆی دەبینییەوە لە 1900 كڵاوەی ئەتۆمیی ستراتیژی.

بەر لە ڕەزامەندیدان لەسەر وازهێنان لەم توانا ئەتۆمییە، كیێڤ داوای سێ زەمانەتی كرد، یەكەم پەیوەندیدار بە بەدەستهێنانی قەرەبووی دارایی بەرامبەر بەهای یۆرانیۆمی پیتێنراو لە كڵاوە جەنگییە ئەتۆمییەكان، كە دەكرێت تێكەڵبكرێت بۆ بەكارهێنانی وەك وزەی كورە ئەتۆمییەكان، ڕوسیا ئەوكات ڕەزامەندی لەسەر پێدانی ئەو پارەیە دا.

زامنی دووەم كە پەیوەندیداربوو بە خەرجكردنی تێچووی لەناوبردنی مووشەكە بالیستییە كیشوەربڕەكان و سەكۆكانی هەڵدانیان، ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕەزامەندی لەسەر لەئەستۆگرتنی ئەو تێچووە دا.

مەرجی سێیەم و كۆتاییش پەیوەندیداربوو بە بەدەستهێنانی زامنی ئاسایشی كیێڤ بەهۆی وازهێنانی لە چەكە ئەتۆمییەكانی، ئەمەش ڕێككەوتنی بۆدابێست زامنی كرد.

پابەندنەبوونی ڕوسیا
بۆ بەدبەختی، ڕوسیا بە كردەیی سەرجەم پابەندییەكان كە لە ڕێككەوتنی بۆدابێست پەیمانی لەسەردابوو پێشێلكرد.

مۆسكۆ هێزی سەربازی بەكارهێنا بۆ دەستگرتن بەسەر نیمچە دورگەی قرم-ی ئۆكرانیا و پاشان خستنەژێر باڵی خۆیەوە بەشێوەی نایاسایی لە سەرەتاكانی ساڵی 2014دا.

پاشان هێزەكانی ڕوسیا و هێزەكانی پشتیوانی جەنگێكیان بۆ زیاتر لە پێنج ساڵ لە ناوچەی دونباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا ئەنجامدا، ئەمەش بووە هۆی كوژرانی زیاتر لە 13 هەزار كەس و ناچاركردنی نزیكەی دوو ملیۆن كەس بۆ ئاوارەبوون لە ماڵەكانیان.

پێنجشەممەی ڕابردوو، مۆسكۆ زیاتر هەنگاوینا دوای ئەوەی بەهێزی وشكانی، دەریایی و ئاسمانی گەورەترین هێرش كە وڵاتێك بۆسەر وڵاتێكی دیكە لە ئەوروپا ئەنجامیبدات لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە دەستپێكرد.

مستەفا فەحس، نوسەر و شیكاری سیاسی دەڵێت، “بێگومان هێزی بەرپەرچدانەوەی ئۆكرانیا بەهێزتر و بەردەستتر دەبوو ئەگەر پابەندی ڕێككەوتنی بۆدابێست نەبووایە”.

سایتی ئەلحوڕە لە زاری فەحس وتیشی، “ڕێككەوتنەكە بووە گرفتێكی جیۆسیاسی بۆ ئۆكرانیا و وایكرد لەبەردەم ڕوسیادا ئاشكرابێت”.

بەڵام لەهەمان كاتدا پێیوایە، “ئامانج لە ڕێككەوتنەكە لەوكاتەدا جەختكردنەوە بووە لە قەتیسكردنی سەرجەم هێزی ئەتۆمیی سەرجەمی سۆڤیەت لە یەك شوێندا، تا پرۆسەی گفتوگۆ لەبارەیەوە ئاسان بێت”.

لەئێستادا سەرانی ئۆكرانی بژاردەی زۆریان نییە، وەك ئەوەی فەحس دەیڵێت، دووپاتیشیدەكاتەوە، كیێڤ “لە پێشبڕكێدایە لەگەڵ زەمەندا”.

ڕوونیشیدەكاتەوە، “ئۆكرانیا خاوەنی ژێرخانی هێزی ئەتۆمییە، بەڵام ئەم هێزە پێویستی بە سەقامگیریی سیاسی و ئابورییە” ئاماژەشیدا، “ئێمە لەئێستادا لەبەردەم مەترسیی كەوتنی پایتەختداین، بۆیە باوەڕموایە ئەوەی سەرۆكی ئۆكرانیا ئاماژەی پێدەدات هیچ سوودێكی هەبێت”.

پێشتر نزیكەی 1900 چەكی ئەتۆمی لەسەر خاكی ئۆكرانیا هەبوو، لەوانەش چەكی تەكتیكیی كورت مەودا و مووشەكی كروز كە دەتوانرا لە ئاسمانەوە هەڵبدرێت پاش ڕوخانی یەكێتیی سۆڤیەت. ئۆكرانیا تا ساڵی 1996 سەرجەم چەكە ئەتۆمییەكانی بۆ ڕوسیا گەڕاندەوە.

ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە وتارێكدا دەڵێت، ڤلادیمێر پوتین ڕێككەوتنی بۆدابێست-ی كرد بە مرەكەبی سەر كاغەز لەپاش داگیركردنی یەكەمجاری ئۆكرانیا لە ساڵی 2014دا.

ڕۆژنامەكە دەشڵێت، “ڕێككەوتنی بۆدابێست جارێكی دیكە گەمژەیی متمانەكردن بە بەڵێنەكان نیشاندەدات، مەترسیدارتر لەوە ئەو پەیامەیە كە دەڵێت، ئەو وڵاتانەی واز لە توانا ئەتۆمییەكانیان دەهێنن بەرپرسیارێتییەكەیان دەكەوێتەئەستۆ”.

“وڵاتانی وەك، كۆریای باكوور، لەمەوە وانەی وەرگرتووە، لەكاتێكدا ئێران شوێن هەمان بنەمای یارییەكە كەوتووە بەهۆی ئەوەی پلان بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی دادەنێت، تەنانەت ئەگەر بەڵێنی ئەنجامنەدانیشی بدات”، وەك ئەوەی ڕۆژنامەكە ئاماژەی پێداوە.

دەشڵێت، “جێبەجێنەكردنی پابەندییەكانی ڕێككەوتنەكە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكان، دەنگدانەوەی لە پایتەختی وڵاتانی هاوپەیمانیش دەبێت كە پشت بە زامنە سەربازییە ئەمریكییەكان دەبەستن”.

بۆیە ڕووانینی ژاپۆن یان كۆریای باشوور لە هەوڵدان بۆ بەكارهێنانی توانای ئەتۆمیی تایبەت بەخۆیان مایەسی سەرسامی نییە، بەپێی ڕۆژنامەكە.

بابەتی پێشتر

تائێستا زانیوتە بۆچی "شوبات" كورتترین مانگی ساڵە؟

بابەتی دواتر

چوار سەرۆكایەتییەكە: بڕیارەکه‌ى دادگاى فيدراڵى قبوڵكراو نييه‌ و ھەرێم ده‌ست له‌ ماف و ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌ڵناگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share