لێدانێکی توند.. سویفت ئامادەیە بۆ سزادانی ڕوسیا  

لەبەردەوامیی سزاکانی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی بۆسەر ڕوسیا لەدوای بڕیاری هێرش بۆسەر ئۆکرانیا، کۆمەڵەی پەیوەندییە داراییەکانی جیهان “سویفت” ڕایگەیاند ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی سزا داراییەکان لەسەر بانکەکانی ڕوسیا.

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە کۆمەڵەکە بڵاویکردووەتەوە، “گفتوگۆکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەوروپا دەستپێکردووە بۆ دیاریکردنی ئەو لایەن و بانکە ڕوسیانەی سزاکان دەیانگرێتەوە”.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو سزایانە لەلایەن سویفتەوە، کە دەیان بانکی ڕوسی دەگرێتەوە مەحاڵە بتوانن دراوەکانیان بنێرنە دەرەوە و ناوەوەی وڵات، لەئەگەرێکی وادا کۆمپانیا گەورەکانی ئەو وڵاتە لەدۆخێکی خراپدا دەبن، بەتایبەت کۆمپانیاکانی نەوت و گاز.

بەشێک لە چاودێرانی ئابوری باس لەوەدەکەن، ئەگەر ڕوسیا بەتەواوی لەو سیستمە بانکییە جیهانییە گرنگە بکرێتەدەرەوە، دەبێتەهۆی زیانێکی گەورەی ڕاستەوخۆ بە ئابوریی ڕوسیا، چونکە ئەوە بەمانای کردنەدەرەوەی دێت لە مامەڵە نێودەوڵەتییەکان، لەناویشیاندا مامەڵەی نەوت و گاز، کە ڕوسیا بەڕێژەی 40%ی داهاتەکەی پشت بەو دوو سەرچاوەیە دەبەستێت.

پێشتر هەریەکە لە وڵاتانی (یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکا، ئوسترالیا و کەنەدا) کە دوینێ شەممە بڵاویانکردەوە، ژمارەیەک سزای نوێیان بەسەر ڕوسیادا سەپاند، پێشنیاری دوورخستنەوەی ژمارەیەک لە بانکە ڕوسییەکان لە سویفت کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی نێوانیان کە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، ڕێکارەکانی داهاتوو دوورخستنەوەی بانکەکانی ڕوسیا لە سویفت دەگرێتەوە.

ڕوونیشیکردووەتەوە، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بانکی ناوەندیی ڕوسیا لەناو ڕێکارەکاندا بێت و قەدەغەی بەکارهێنانی یەدەگی ئەو بانکە بکرێت لەلایەن ڕوسیاوە بۆ قەرەبووکردنەوەی سزاکان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی یەکێتیی ئەوروپاش، سزاکانی ئێستا نزیکەی 70%ی کەرتی بانکی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لەوبارەیەوە دەڵێت، سزاکانی خۆرئاوا کە بانکە ڕوسییەکان لە سیستمی دارایی جیهان دەکاتە دەرەوە، بانکی ناوەندیی ڕوسیا توشی ئیفلیجی دەکات، مۆسکۆ دووردەخاتەوە و ڕۆبڵ هەرەسپێدەهێنێت.

بابەتی پێشتر

دراوێكی كانزایی ژیانی هاوڵاتییەكی بەریتانی دەگۆڕێت

بابەتی دواتر

چین "مەترسیدارترین وڵات" لە جیهاندا ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share