‏”كەوتنی نزیكە”‏
شەڕ لەناو كیێڤدایە.. زیلینسكی هەر لە پایتەختە و دەڵێت “چەك دانانێین”‏

ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژی هێرشی ڕوسیایە بۆسەر ئۆکرانیا، شەڕ چووەتە ناو كیێڤی پایتەختەوە و چەند شوێنێك كەوتوونەتە دەست هێزەكانی ڕوسیا، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی-ش هەر لە پایتەختی وڵاتەكەی ماوەتەوە و بەرگریكردن دووپاتدەكاتەوە.

لە نیوەشەوی ڕابردووەوە پێكدادانەكان لە دەوروبەری كیێڤ چڕتر بوونەوە، لە چەند شوێنێكەوە لە باكووری پایتەختەكە هێزە ڕوسییەكان پێشڕەوییان كردووە، میدیای ڕوسی باس لە كۆنترۆڵكردنی چەند شوێنێك دەكات، لەوانە وێستگەی كارەبای شارەكە.

شەڕ بە ڕاددەیەك كەوتووەتە ناو كیێڤی پایتەختەوە، كە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، دەنگی تەقە لە نزیك بینا حكومییەكانی شارەكە بیستراوە. هێزە ئۆكرانییەكانیش باس لە بەرپەرچدانەوەی چەند هێرشێكی هێزە ڕوسییەكان دەكەن لە ناوچە جیاوازەكانی كیێڤ، كە یەكێك لە بەرپەرچدانەوەكان لە شەقامێكی سەرەكیی پایتەخت بووە.

جگە لە پێشڕەوییە مەیدانییەكان، ڕوسیا بەردەوامە لە بۆردومانكردنی پایتەختی ئۆكرانیا، بەوتەی وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا، بەنزیكەیی پایتەختی ئۆكرانیایان گەمارۆداوە.

درەنگانی شەو ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا پەیامێكی دیكەی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، لەگەڵ ئەوەی پێشبینیی شەوێكی سەختی كرد، دووپاتیكردەوە كە نابێت كیێڤ لەدەستبدەن، سەرەڕای ئەوەی هێرشەكانی ڕوسیا “زۆر دڕندانە و نا مرۆڤانەیە”.

دواتریش بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڤیدیۆیەكی دیكەی بڵاوكردەوە و بە ئۆكرانییەكانی وت، بڕوا بە درۆكان مەكەن، دووپاتیكردەوە كە كیێڤی جێنەهێشتووە.

ئەمریكاش پێشبینی كەوتنی كیێڤ دەكات و بە ئەگەرێكی ڕاستەقینەی دەزانێت.

جین ساكی، وتەبێژی كۆشكی سپی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی لە مەیدانی جەنگدا بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی ڕوسیا دەبینن، بەڵام “هێشتا کەوتنی کیێڤ ئەگەرێكی راستەقینەیە”.

بابەتی پێشتر

بەرپرسی شانۆی نیشتمانیی ڕوسیا دەستی لەکارکێشایەوە.. "مووچە لە بكوژ وەرناگرم"‏

بابەتی دواتر

سەرەڕای مەترسییەكانی تیشكدانەوە.. بۆچی ڕوسیا و ئۆكرانیا لەسەر چێرنۆبڵ ململانێیانە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان زیاتر دابەزی و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە خوار 87 دۆلار مامەڵەی…
Total
0
Share